فەرەنسا 35 کەسوکاری چەکدارانی داعشی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان وەرگرتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، 10 ئافرەت و 25 منداڵی لە کامپەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کە کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێن، بردووەتەوە. ئەمەش چوارەم کاروانی گەڕاندنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعشە بۆ فەرەنسا.
 
رۆژی سێشەممە (4ـی تەممووزی 2023) وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ نێو خاکی فەرەنسا، منداڵەکان رادەستی ئەو دەزگەیانە کراون، کە سەرپەرشتی منداڵانی بێ دایک و باوکان دەکەن، لەوێ چاودێرییان دەکەن و پشکنینیان بۆ دەکرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هەروەها دەڵێت "گەورەکانیش رادەستی دەزگە دادییەکانی تایبەت بەو پرسە کراون".
 
بە دەیان هەزار کەس، کە زۆربەیان کەسوکاری چەکدارانی داعشن و خەڵکی زیاتر لە 60 وڵاتن، لە کامپەکانی هۆل و رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێن، هەردوو کامپەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدان. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، ئەو ئافرەتانە لە کاتی شەڕی داعشدا بە ئارەزووی خۆیان روویان لە عێراق و سووریا کردووە و زۆربەشیان لە کاتی شەڕدا لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دەستگیر کراون. 
 
لەدریژەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، پاریس ستایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووە "بۆ ئەو هاوئاهەنگییەی کردوویانە بۆ ئاسانکردنی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە". 
 
بەگوێرەی یاساکانی فەرەنسا، هەرکەسێک تەمەنی لەسەروو 18 ساڵان بووبێت و چووبێتە ریزەکانی داعشەوە، لەکاتی گەڕاندنەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. 
 
بەم کاروانەوە، تائێستا فەرەنسا 218 هاووڵاتی خۆی لەو دوو کامپەی رۆژئاوای کوردستان وەرگرتووەتەوە. یەکەم کاروانی وەرگرتنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لەلایەن فەرەنساوە لە هاوینی 2022 بوو کاتێک 16 ئافرەت و 35 منداڵی لەو کامپانەی سووریا وەرگرتەوە، بەڵام فەرەنسا لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە رەخنەی لێگیراوە بەوەی پرۆسەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانی لەو کامپانە زۆر خاو بووە. 
 
لە کاروانی دووەمدا لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، فەرەنسا 15 ئافرەت و 40 منداڵی وەرگرتەوە. هەروەها مانگی کانوونی دووەمی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند 15 ئافرەت و 32 منداڵی دیکەی لە سووریا گەڕاندووەتەوە.