گرژییەکانی فەرەنسا کاریگەرییان لەسەر چوونی گەشتیاران بۆ پاریس نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێکە لە بەشی زۆری شارەکانی فەرەنسا خۆپێشاندان دژی کوژرانی نائیلی 17 ساڵ بەردەوامە، بەڵام لە پاریس دۆخەکە ئاساییە و ئەو رووداوە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە گەشتیاران روو لە شارەکە نەکەن.
گرژییەکانی فەرەنسا بەو جۆرە کاریگەرییان بەسەر پایتەخت بەجێنەهێشتووە. گەشتیاران بەردەوامن لە سەردانیکردنی سەرسوڕهێنەرەکانی شارەکە، لەنێویاندا بورجی ئیڤڵ و مۆزەخانەی لۆڤەر.
ڤینیسیوس کامپۆس، گەشتیاری بەرازیلییە و دەڵێت، "لەنێو فڕۆکە باسمان دەکرد، دەمانگوت باشە چی بکەین لەوێ؟ دەنگۆ هەبوو رێگەکانی ژێر زەمین داخراون، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەم هەواڵانە ساختەبن. بۆ ئێمە زۆر ئاساییە."
لە 2021دا 22 ملیۆن کەس سەردانی پاریسیان کرد و لە 2022دا بۆ 44 ملیۆن کەس بەرزبووەوە. دووکاندارانی پاریس نایشارنەوە کە بازاڕیان کز بووە، بەڵام زۆریش نا.
رایان دێرمۆت، گەشتیارێکی ئایرلەندییە و گوتی، "ماڵباتەکەم لە ماڵەوە زیاتر لە ئێمە دەترسن. ئێرە زۆر ئارامە. لەوەناچێت مەترسی لەسەر بێت، بەڵام کە لە شاشە گرژی دەبینن نیگەران دەبن."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، لە 24 کاژێری رابردوودا 72 کەس دەستگیرکراون، 159 ئۆتۆمبێل سووتێندراون، 202 ئاگریش کەوتوونەتەوە. لە سەرەتای گرژییەکانیشەوە زیاتر لە 2000 کەس دەستگیرکراون، 557 ئۆتۆمبێل سووتێندراون، 72 باڵەخانە سووتێندراون، 871 ئاگر کەوتوونەتەوە و 45 پۆلیسیش برینداربوون.
هەفتەیەکە شەوانە تووندوتیژی و تاڵان بەشێک لە شارەکانی فەرەنسای گرتووەتەوە، ئەوەش دوای کوژرانی کوڕێکی تەمەن 17 ساڵی بە رەچەڵەک جەزائیری بە ناوی نائیل لەلایەن پۆلیسەوە لە رۆژی سێشەممەی رابردوو، کە بووەتە هۆی نوێبوونەوەی تۆمەتی نەژادپەرستی و جیاکاری دژی هێزەکانی پۆلیسی فەرەنسا.