حکومەتی بەلجیکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات کارەبای زیاتر بەکاربهێنن

رووداو هەولێر

بەهۆی زیادبوونی خۆرەتاو و هەڵکردنی با، بەرهەمی کارەبای بەلجیکا بەڕادەیەک زیادیکردووە، حکومەت ناچاربووە داوا لە هاووڵاتییان بکات، کارەبای زیاتر بەکاربێنن.
 
ژان فایسۆ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندنی کارەبای بەلجیکا دەڵێ "سەبارەت بە بەزیادبوونی بەرهەمی وزە نوێبووەوەکان، دەبینین توانای جێگیرکراو، خۆرەتاو و با بوون بە دیاردەیەک کە رووی لە زیادبوونە و دەبێت ئێمەش سیستمی کارەبامان لەگەڵیدا بگونجێنین".
 
بەلجیکا لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی لە گازە زیانەبخشەکان رزگاربکات و وزەیەکی پاک بەرهەمبهێنێت، ئەمەش بە دامەزراندنی 399 تۆرباینی با و سەدان هەزار تەختەی خۆر، کە بە هەردووکیان 11 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن.
 
بەلجیکا واژۆی لەسەر رێککەوتننامەی پاریس کردووە، کە تاوەکو 2030 گازە زیانبەخشەکان بە رێژەی 35٪ کەمبکاتەوە و تاوەکو 2050ـش بیگەیێنێتە سفر.
 
ئێستا رێژەی 50٪ـی کارەبای بەلجیکا لە رێگەی وزە نوێبووەوەکانەوە بەرهەمدێت، 10٪ـی لە تۆرباینەکانی با و 15٪ـش لە خانە خۆرەکان.
 
پیە هینۆو، وانەبێژ لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی برۆکسل دەڵێ "هەندێک لە بەرهەمهێنەرەکان دەبوو کارەبا بە زەرەر بفرۆشن، کە بەرهەم زیاتر دەبێت لە خواست، نرخەکە دەبێتەوە سالب، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی نەیانزانیوە، دووچاری زەرەر بوونەتەوە".
 
بە سوودوەرگرتن لە وزە نوێبووەوەکان، بەلجیکا لە 30 خولەکدا توانای بەرهەمهێنانی 8 گێگاوات کارەبای هەیە، ئەمەش زۆر زیاترە لە تەواوی ئەو کارەبایەی لە پشووە فەرمییەکاندا بەکاریدەهێنن.