تیمێکی رووداو لە نەمسا بەشداری لە کۆبوونەوەی تەکنیکیی ئینێکس دەکات

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی تەکنیکیی رووداو بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمیتەی تەکنیکیی ئینێکس دەکات کە لە دوای 4 ساڵ بۆ یەکەمجار لە سالزبوورگی نەمسا دەکرێت. 
 
کۆمیتەی تەکنیکیی ئینێکس، کە پێکدێت لە بەڕێوەبەرانی تەکنیکیی ئەندامانی تۆڕی ئینێکس ساڵانە کۆبوونەوەکانی خۆی بەڕێوەدەبات. بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە 4 ساڵ بوو نەکرابوو. 
 
ئێستاش کە دەستی بە کۆبوونەوەکانی کردووەتەوە، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی تەکنیکیی رووداو بەشداری لە کۆبوونەوەکانیدا دەکات. 
 
کۆبوونەوەکان بە بەشداریی بەڕێوەبەرانی تەکنیکیی هەموو ئەندامانی ئەو تۆڕە لە شاری سالزبوورگی نەمسا و بە میوانداری RedBull Media House بەڕێوەدەچێت کە کۆمپانیایەکی فرە پلاتفۆرمی میدیایی یە. 
 
لەم دیدارەدا دوایین پێشکەوتنەکان و پلانە هاوبەشەکان بۆ ساڵی داهاتوو تاوتۆ دەکرێن. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو بەشدارییەکی چالاکی لە کۆبوونەوەکان دەبێت و لە رۆژی دووەمی کۆبوونەوەکان بەشێک لە کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەبات.
 
لە 1ـی نیسانی 2015 تۆڕی میدیایی رووداو وەك دووەم تەلەڤزیۆنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە ئەندامی كۆمەڵەی ئەوروپیی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ENEX و بەردەوام بۆ بەرەوپێشبردنی ستانداردی میدیایی، وۆرکشۆپ و چالاکیی نێودەوڵەتی لەگەڵ میدیا دیارەکانی جیهان ئەنجامدەدات.