نرخی خۆراک لە میسر نزیکەی 50٪ بەرزبووەتەوە

رووداو  دیجیتاڵ

لەکاتێکدا 30٪ـی میسرییەکان لە هەژاریدا دەژین، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە تەنگی بە هاووڵاتییانییەوە هەڵچنیوە و لە بازاڕەکاندا نرخەکان بە شێوەیەک بەرزبوونەتەوە، خەڵکەکەی وەک پێشوو توانای کڕینیان نەماوە.
 
هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان، میسرییەکانی شەکەت کردووە، ئەمەش بە روونی لە بازاڕێکی قاهیرەی پایتەختی میسر دەردەکەوێت، کە زۆربەی ئەوانەی لە بازاڕەکەدان، توانای کڕینیان نییە.
 
ئەمەل جێرجیس، هاووڵاتییەکی میسری لە بازاڕەکەوە قسە دەکات و دەڵێ "نرخەکان زۆر بەرزن. خەڵک ماندوو بووە؛ تەنانەت پێویستییە بنچینەییەکانی ژەمێکی سادەش زۆر گران بوون. بۆ بەشێکی خەڵک، زەحمەتە پارەی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بدەن، داوای بەزەیی خوا دەکەین".
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا هەڵاوسان لە میسر گەیشتە 26.5٪، کە بەرزترین ئاستە لە 5 ساڵی رابردوودا، بەوهۆیەوە نرخەکانی خۆراک بەڕێژەی 48٪ بەرزبوونەتەوە. نرخی کیلۆیەک گۆشتی مریشک گەیشتووەتە نزیکەی سێ دۆلار، بەوەش لە ساڵێکدا دوو هێندە بەرزبووەتەوە.

 

ئابووریناسان هۆکاری ئەم دۆخەی میسر، بۆ فاکتەرە دەرەکییەکان دەگێڕنەوە.

 
جیهان یەعقووب، ئابووریناسی میسری دەڵێ "روونە کە بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی فاکتەرە دەرەکییەکانی وەکو شەڕی ئۆکراینا و کۆرۆناوەن. نەمانی وەبەرهێنان و دابەزینی بەهای دراوی نێوخۆییش نرخەکانیان زیاتر بەرزکردووەتەوە، بۆیە خەڵک ناتوانن هەموو شتێک بكڕن".
 
میسر گەورەترین هاوردەکاری گەنمە لە جیهاندا، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی 2020ـدا 5.2 ملیار تۆنی هاوردە کردووە. 
 
جگە لەوەش بەهۆی زیادبوونی تێچووی حەواڵە و کەمیی دۆلار، بەهای جونەیهی وڵاتەکە دابەزیوە، کە ئەمەش هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی نرخی خۆراکە لە وڵاتەکەدا. 
 
ئەو رەوشە سەختە بۆ هاووڵاتییانی میسری لەکاتێکدایە، یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکە بۆ 34 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە و قەرزە دەرەکییەکانیشی گەیشتووەتە 157 ملیار دۆلار.