رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل یەکەم سەرکردەی بیانییە کە پێ دەنێتە کۆشکی سپی؛ بۆیە گەشبینە چوار ساڵی سەرۆکایەتیی ترەمپ کاری زۆر بۆ ئیسرائیل بکرێت، لەوانەش گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەو بڕیارانەی لەکاتی شەڕەکەدا داومانن، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان گۆڕی. بڕیارەکانمان و بوێریی سەربازەکانمان دووبارە نەخشەکانی داڕشتەوە. باوەڕم وایە بە لە نزیکەوە کارکردن لەگەڵ سەرۆک ترەمپ دەتوانین تەنانەت زیاتر و باشتر دایانڕێژینەوە."
15 مانگی شەڕی غەززە و لوبنان، حیزبوڵڵای دەستڕۆیشتوو و پەکخەری پرۆسەی سیاسی، تاڕادەیەکی زۆر لە چەک و توانا سەربازییەکانی داماڵی و کۆتایی بە دوو ساڵ لە بۆشایی پۆستی سەرۆکایەتیی لوبنان هێندرا، بۆ یەکەمجار سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دوور لە کاریگەریی ئێران هەڵبژێردران.
هەروەها کۆتایی بە نیو سەدەی دەسەڵاتی ئەسەد هات و سوپای ئیسرائیل هەموو بەرزاییەکانی گۆلان و بەشێک لە ناوچەی قنێترەی باشووری رۆژئاوای دیمەشق و دەرعای باشووری سووریای کۆنترۆڵ کرد.
جۆو فیدەرمان، شرۆڤەکار دەڵێت، "مەترسییەکان زۆرن، هەردوو پیاوەکە تەنیا گفتوگۆ لەبارەی شەڕی غەززە ناکەن، بەڵکو هەندێک بابەتی دیکەش تاوتوێ دەکەن کە کاریگەرییان لەسەر هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت؛ هەروەها رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانیان دەبێت."
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە یەکەم سەرکردەی بیانی بوو کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپدا کردبوو، لەوێ بەڵێنی پێدابوو 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکات. ترەمپ دەڵێت، کەنداوییەکان پارەیان زۆرە و پێیان دەکەمە تریلیۆنێك دۆلار. وەبەرهێنانێك بەو قەبارەیە بێ بەرامبەر نابێت و دووریش نییە ئێران و میلیشیاکانی بەشێك بن لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو.
ڤێنسینت کۆمپاکس، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "لە تەواوی ئەو ماوەیەی کە شەڕی غەززە هەبوو؛ نەتانیاهوو دراوسێکانی ئیسرائیلی بۆردوومان کرد، بۆیە بە دووری نازانم لەگەڵ ترەمپ پێکەوە بیر لە فراوانکردنی هێرشەکانیان بکەنەوە، لەنێویاندا بۆسەر ئێران."
ئێران لەسەر زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی، باس لەوەش دەکرێت رێبەری باڵا چرای سەوزی هەڵکردووە بۆ دانوستاندنی رووبەڕوو و راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا؛ هەنگاوێک كە تاران دەیخاتە چوارچێوەی دیپلوماسییەتی ستراتیژی و ئەمریکاش بە بەرهەمی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە،" دایدەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ