لە پاریس گشتپرسی لەبارەی سنووردارکردنی ئۆتۆمبێلی بەرز دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

پاریسییەکان رۆژی یەکشەممە، چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەمەبەستی سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بەرز لە شەقامەکانی ناوەندی شارەکەدا، ئەمەش لە رێگەی گرانکردنی کرێی پارککردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە.
 
ئەمە، یەکێکە لە هەڵمەتەکانی ئان ئیدالگۆ، سەرۆکشارەوانیی پاریس، بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و ترافیکی پاریس پێش ئەوەی ئەم هاوینە، شارەکە میوانداریی یارییەکانی ئۆڵۆمپادی هاوینە بکات. 
 
سەرۆکی شارەوانیی پاریس رایگەیاند ئەگەر زۆرینەی پاریسییەکان بە 'بەڵێ' دەنگ بدەن، کرێی پارککردنی ئۆتۆمبێلی بەرز لە سەنتەری شارەکە، سێ قات گرانتر دەکەن. 
 
بڕیارەکە سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە کێشیان لە 1.6 تۆنە و کرێی وەستان بۆ دوو کاژێری یەکەم دەبێتە 18 یۆرۆ، لەکاتێکدا بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک بۆ دوو کاژێری یەکەم تەنیا شەش یۆرۆیە. ئوتۆمبێلی کارەباییش ئەگەر کێشەکەی لە دوو تۆن زیاتر بێت، هەمان بڕیار دەیگرێتەوە.
 
لە شەقام و گەراجەکانی دەرەوەی ناوەندی شار، کرێی یەک کاژێر گەراج بۆ ئۆتۆمبێلی بەرز، 12 یۆرۆیە. 
 
لەوبارەیەوە، سەرۆکی شارەوانیی پاریس دەڵێت "ئۆتۆمبێلەکان تاوەکو گەورەتر بن، ژینگە زیاتر پیس دەکەن."
 
ژینگەپارێزانیش کە پشتگریی بڕیارەکەی سەرۆک شارەوانیی پاریس دەکەن، رایانگەیاندووە ئۆتۆمبێلی بەرز، 15٪ زیاتر بەنزین دەسووتێنێت.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی شاری پاریس، پرسیاری گشتپرسییەکە بریتییە لە "ئایا لەگەڵ یان دژی ئەوەیت، نرخێکی تایبەت دیاریبکرێت بۆ ئوتۆمبێلی قەبە و قورسی ژینگەپیسکەر؟' دەنگدانەکە تاوەکو کاژێر حەوتی ئێوارە بەکاتی پاریس ( 9ی شەو بەکاتی هەولێر) بەردەوام دەبێت.
 
یەک ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی شاری پاریس لە گشتپرسییەکەدا مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
هەریەک لە شۆفێرانی تاکسی و کارمەندانی تەندروستی و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، رێکارە نوێیەکان، نایانگرێتەوە. 
 
بەرپرسانی شارەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، لەئەگەری سەرکەوتنی پلانەکە، 10٪ـی ئۆتۆمبێلەکانی پاریس دەگرێتەوە و ساڵانەش 35 ملیۆن یۆرۆ داهات بۆ شارەکە بەدەستدەهێنێت. 
 
دوایین گشتپرسی لە پاریس لە نیسانی 2023 بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بە قەدەخەکردنی سکۆتەرەکانی سەر شەقامەکان، هەرچەندە تەنیا 7٪ـی دانیشتووانی شارەکە بەشدارییان تێدا کرد، بەڵام زۆربەیان بە 'بەڵێ' دەنگیان دا و بەکارهێنانی سکۆتەر لە سەنتەری شارەکە قەدەخە کرا.