سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ رووداو: پێویستە یارمەتیی سووریا بدەین نەک مەرج دابنێین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، راستە بڕیاری 2254 بۆ سووریای ئێستا کۆنە، بەڵام لە بڕیارەکانیدا بنەماکان هەن.
عەممار جامع، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکات نوێنەری جەزائیریشە، قسەی بۆ سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک کرد و گوتی: سەبارەت بە سووریا و بڕیاری 2254، راستە ئەم بڕیارە تاوەکو رادەیەک کۆن دیارە، بەڵام کاتێک جارێکی دیکە دەیخوێنیتەوە، دەبینیت کە لەم بڕیارەدا بنەماکان هەن، ئەو بنەمایانەی دەتوانین داهاتوویەکی باشتریان لەسەر بونیات بنێین بۆ هەموو سووریاییەکان لەنێو وڵاتێکدا، لەنێو وڵاتێکی ئاشتیخوازدا و لەنێو پرۆسەیەکی بەرفراواندا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ لە سووریا."
عەممار جامع گوتی "هەڵوێستی ئێمە وەکو وڵاتێکی دۆستی گەلی سووریایە، کە مێژوویەکی درێژی دۆستایەتیمان لەگەڵیان دا هەیە و بۆ سەردەمی ئەمیر عەبدولقادر دەگەڕێتەوە."
لەبارەی قۆناخی گواستنەوە (راگوزەر)ـش لە سووریا گوتی "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە؛ پێویستە یارمەتیی گەلی سووریا بدەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم گواستنەوەیە، نەک مەرج بۆ پرۆسەکە دابنێین."
رۆژی 3ـی کانووی یەکەمی 2024، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "بە تێڕوانینی ئەمریکا، تاکە چارەسەر ئەوەیە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکردایەتی بکات، کە هاوتا بێت لەگەڵ بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان."
ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2015 بڕیارنامەی 2254ـی دەرکرد کە داوای وەستاندنی جەنگ، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا و هەڵبژاردن دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە دەمانەوێت هەموو وڵاتان هەموو ئەو شتانەی کە لە توانایان دایە، بیکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە هێور بکەنەوە، ئێمە نامانەوێت گرژییەکان زیاتر ببن لەم کاتە هەستیارەدا."
سەرۆکی مانگی یەکەمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەزائیرە و ئەم گوتانەی بۆ رووداو لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بوو، کە لەبارەی ئەرکە نوێیەکەی رێکیخستوو و تێیدا بەتایبەتی لەبارەی پرسی سووریا قسەی کرد.
چوارشەممەی داهاتوو (8-1-2025) ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی سووریا کۆدەبێتەوە، تێیدا گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا راپۆرتێک لەبارەی رەوشی سووریا دەخاتەڕوو. یەکێک لەو بابەتانەی چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت؛ دەرهێنانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)ـیە لە لیستی تیرۆر.