رووسیا کوژرانی 89 سەربازەکەی دەخاتە ئەستۆی بەکارهێنانی مۆبایل


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی رووسیا کوژرانی 89 سەربازی لە هێرشە مووشەکییەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ سەر ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەخاتە ئەستۆی بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن سەربازەکانییەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 4-1-2023، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا دانی بە کوژرانی 89 سەربازی وڵاتەکەیدا نا، دوای ئەوەی چەند مووشەکێکی ئۆکراینا کامپێکی سەربازییان لە ماکیڤکا لە ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردە ئامانج.
 
رووسیا لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لە کوژرانی 89 سەربازەکەی دەستپێکردووە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە دەڵێت، سەرەداوەکان ئەوە دەردەخەن کە هۆکاری ئەوەی لایەنی بەرامبەر توانیویەتی ئەو شوێنە بکاتە ئامانج، بەکارهێنانی مۆبایل بووە.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت: "ئەو هۆکارە رێگەی بە دووژمن داوە شوێنی سەربازان بزانێت و پێگەکەیان دیاری بکات بۆ ئەو هێرشە مووشەکییە."
 
بەگوێرەی میدیای رۆژئاوایی، هەندێ بلۆگەر و چالاکڤانی رووسیایی کوژرانی سەربازانی رووسی لە هێرشە مووشەکییەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بە سەدان ناودەبەن، بەڵام هێشتا رووسیا ئەنجامی دوا لێکۆڵینەوەی خۆی رانەگەیاندووە.
 
شەڕ لە کوێیە؟
 
بەگوتەی ڤالێری زالوژنی، سوپاسالاری ئۆکراینا، شەڕێکی قورس لە نزیک شاری باخمووت هەیە.
 
رووسیا چەندین هەفتەیە هەوڵ بۆ گرتنی باخمووت لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەدات. ڤالێری لە تەلەگرامی خۆی دەڵێت، هێزەکانی رووسیا هەموو کارێک دەکەن بۆئەوەی بتوانن پێشڕەوی بکەن. 
 
ڤۆلۆدێمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش دەڵێت، رووسیا بەنیازی جووڵەپێکردنێکی گەورەی سەربازییە لە ئۆکراینا کە دەیان هەزار سەرباز لەخۆدەگرێت، بەڵام بەرپرسانی رووسیا بۆ ئێستا ئەمە رەتدەکەنەوە.
 
هاوکات هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لەلایەکەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا و لەلایەکی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا بەردەوامن.
 
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ڤیلادیمیر پووتین قسە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بکات.
 
تورکیا وەکو نێوەندگیر کار بۆ دامرکاندنەوەی شەڕی ئۆکراینا دەکات. ساڵی رابردوو تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان زەوینەی رێککەوتنێکیان رەخساند کە بووە هۆی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکراینا. 
 
لە بەرامبەردا، وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا تاوەکو لە بەرامبەر هێرشی رووسیا بووەستێت.
 
ڤالێری زالوژنی، سوپاسالاری ئۆکراینا رۆژی سێشەممە لەگەڵ مارک مایلی، سوپاسالاری هێزەکانی ئەمریکا قسەی کرد و سوپاسی کرد بۆ پێشکێشکردنی کەرەستەی سەربازی ئەمریکی بە ئۆکراینا. 
 
مارک مایلی تشرینی دووەمی 2022 رایگەیاند، 100 هەزار سەربازی رووسیا و 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی لەدەستپێکی شەڕەوە کوژراون و برینداربوون، هاوکات ژمارەی قوربانیانی خەڵکی سڤیلیشی بە 40 هەزار کەس خەمڵاند. کرێملین لە 21ی ئەیلوولی 2022 رایگەیاند، 5,937 سەربازیان لە دەستێکی شەڕەوە کوژراون.