لە شەڕی نێوان باندەکانی ماددەی هۆشبەر لە کۆڵۆمبیا 23 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە شەڕوپێکدادانی نێوان دوو گرووپی چەکداری جوداخوازی کۆڵۆمبیدا لەسەر سنووری نێوان کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا، لانیکەم 23 کەس کوژران، کە 4 لەوانە هاووڵاتی ڤەنزوێلان.
رۆژی دووشەممە 3-1-2022 ئایڤان دووک، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند شەڕەکە لەنێوان هەردوو گرووپی "گەریلایی" بە ناوی سوپای رزگاریخوازی نیشتیمانی ناسراو بە ELN و گرووپی بزووتنەوەی هێزە چەکدارەکانی شۆڕشی کۆڵۆمبیا ناسراو بە FARC روویداوە. دەشڵێت پێدەچێت بەشێک لە قوربانیان خەڵکی سڤیل بن.
لای خۆشیەوە، ژایرۆ گارشیا، وەزیری بەرگریی کۆڵۆمبیا رایگەیاند کە لە ناوچەیەکی گوندنشینی باکووری رۆژهەڵاتی شاری ئارۆکا "ئێمە 23 کەسمان بە کوژراوی دۆزیوەتەوە".
سەرۆکی کۆڵۆمبیا نیکۆلاس مادودۆی بە داڵدەدانی گرووپە چەکدارەکانی کۆڵۆمبیای لە دیوی ڤەنزوێلا تۆمەتبار کرد.
کۆڵۆمبیا بە درێژایی 2 هەزار و 200 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ڤەنزوێلا دا هەیە.
ئایڤان دووک گوتیشی، بەرەی سوپای رزگاریخوازی نیشتیمانی ELN و گرووپی FARC کە رێککەوتنی 2016 یان رەتکردەوە، "بە دڵی خۆیان لە خاکی ڤەنزوێلادا چالاکی دەکەن، ئەمەش بە رەزامەندی و لەژێر چەتری رژێمی دکتاتۆریەتدا".
دیێگۆ مۆلانۆ، وەزیری بەرگریی کۆڵۆمبیا رایگەیاند لە چەند رۆژی رابردوودا گرووپی ELN لەگەڵ باڵێکی پێشووتری گرووپی FARC کە بە سیگەندا مارکێتالیا ناسراوە هاوپەیمانێتییان پێکهێناوە و لەگەڵ دوو گرووپی دژبەری خۆیان بەشەڕهاتوون.
دەشڵێت شەڕەکە سەرەتا لە ڤەنزوێلا دەستیپێکرووە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ شاری ئاکۆرا لە نێو خاکی کۆڵۆمبیا.
مۆلانۆ لە بارەی ناسنامەی کوژراوانەوە گوتی، ناسنامەی 15 لەو کوژراوانە ئاشکراکراوە و لەنێویاندا 4یان هەڵگری ناسنامەی ڤەنزوێلا بوون و دوو کەسیشیان لەنێو کۆڵۆمبیادا بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک تۆمەتبار بوون، کە یەکێک لەو دووانە سەرکردەی گروپێک بووە، بە ناوی خوازراوی "فالکۆ فرێد".
بەرپرسانی کۆڵۆمبیا راشیانگەیاند کە دەیان خێزان بەهۆی شەڕ لە ناوچەکانیان ناچاربوون ماڵ وحاڵیان لە شاری ئارۆکا جێبێڵن و دەشڵێن بەشێک لە خەڵکی لەنێو شەڕەکەدا گیریان خواردووە.
رۆژی دووشەممە، جۆزێ میگوێل، بەڕێوبەری رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ لە ئەمریکای باشوور لە تویتێکدا رایگەیاند کە بارودۆخی سەر سنوور "زۆر جیددی" یە.
کۆڵۆمبیا بەردەوام ڤەنزوێلا بە داڵدەدانی گرووپە دژبەرەکان تۆمەتباردەکات. لەو کاتەوەی ئایڤان دووک بووەتە سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە ساڵی 2018 هەردوو وڵاتەکە پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیان بچڕاندووە. ئەوەش دوو ساڵ لەدوای رێککەوتنێکی ئاشتی هات کە ببووە هۆی وەستاندنی شەڕێکی نێوخۆ بۆ ماوەی شەش دەیە.
سەرەڕای رێککەوتنەکە، کە تێیدا گرووپی چەکداری FARC بە 13 هەزار چەکدارەوە وازیان لە خەباتی چەکداری هێنا و پارتێکی سیاسییان دامەزراند، شەڕوپێکدادانەکانی نێو کۆڵۆمبیا هەر بەردەوام بوون.
ئێستا گرووپە چەکدارەکان شەڕی باندەکانی دیکەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن بۆ ئەوەی رێگاکانی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و بازاڕی کانە نایاساییەکان لە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری کۆکایین لە جیهاندا کۆنتڕۆڵبکەن.
ئەمە جاری یەکەم نییە شەڕی وا روودەدات و خەڵک ئاوارە دەبێت؛ پارساڵ بەهۆی شەڕی نێوان هێزە چەکدارەکانی شۆڕشی کۆڵۆمبیا و سوپای ڤەنزوێلا لەنێو خاکی ڤەنزوێلادا، سەتان کەس ئاوارەبوون و روویان لە شاری ئارۆکا کرد.
ئێستا کۆڵۆمبیا ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی هێزی زیاتر بنێرێتە سەر سنوور تاوەکو جموجۆڵی بازرگانی و شەڕوپێکدادانی نێوان گروپە دژبەرەکان کۆنتڕۆڵ بکات.
وا مەزەندە دەکرێت سوپای رزگاریخوازی نیشتیمانی ELN دوو هەزار و 500 چەکداری چالاک و هێزە چەکدارەکانی شۆڕشی کۆڵۆمبیاش FARC زیاتر لە 5 هەزار چەکداری چالاکیان هەبێت.