بەرپرسی پێشووی سی ئای ئەی: کوشتنی سولەیمانی لە کوشتنی بن لادن و بەغدادی گرنگترە


رووداو - هەولێر

کاردانەوەکان لەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بەردەوامن و لەو چوارچێوەدا بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سی ئای ئەیی ئەمریکی کە بەباشی قاسم سولەیمانیی دەناسی دەڵێت "کوشتنی ئەو فەرماندەیە بۆ ئەمریکا زۆر لە کوشتنی ئوسامە بن لادن و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی گرنگترە".
 
دەیڤد پیترۆس، بەرپرسی پێشووی سی ئای ئەی و فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق رایگەیاند، قاسم سولەیمانی دەستی لە کوشتنی 600 سەربازی ئەمریکی هەبووە و بەنیازبووە هیلالی ئێرانی دروستبکات و دەسەڵاتی شیعی لە ئێرانەوە بگەیەنێتە لوبنان.
 
بەرپرسانی ئێران لەسەر ئاستی باڵا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن، پرسیاری ئەوە لە هزری زۆر لە خەڵکدا دروستبووە کە ئێران بە چ شێوەیەک تۆڵەی قاسم سولەیمانی دەکاتەوە لەکاتێکدا ئەمریکا دەڵێت، لە هەر شوێنێک تەنانەت هێزەکانی سەر بە ئێرانیش زەبر بە ئەمریکا بگەیەنن، ئەمریکا خودی ئێران دەکاتە ئامانج؛ دەیڤد پیترۆس لە وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێت "ئێران لە قەیرانێکی ئابووریی ناسک و هەستیاردایە، خەڵكێکی زۆریان لە نێوخۆی وڵاتدا لە خۆپیشاندانەکاندا کوشتووە و ئیدارەدانێکی هەڵە و گەندەڵییەکی زۆر هەیە. ئەو ئێرانە نەما کاتێک لە هەشتاکان شەڕی عێراقی دەکرد. هەر دەستپێشخەرییەک بکات هەڕەشەیەک لەسەر رژێمەکەی ئیران دروستدەبێت کە لە رابردوودا هاوشێوەی نەبووە".
 
ئەو بەرپرسەی پێشووی سی ئای ئەی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئێران پەلبهاوێژێت دوورنییە کێڵگە نەوتییەکانی و هێزەکانیان لە نێو وڵاتەکەیاندا بکرێنە ئامانج و دەڵێت "ئەمریکا لەنێو ئێراندا دەستی وەشاندووە، هێرشە ئەلکترۆنییەکان و هاککردنی تۆڕەکانیان بەڵگەی ئەو هێرشانەن".
 
دەیڤد پیترۆس ئەوەی نەشاردووەتەوە، ئێران ئەوەی ئێستا لە توانایدایە لەوانەیە لە گەرووی هورمز و لە کەنداو پشێووی زیاتر بنێتەوە و شەڕی بەوەکالەت فراوانتر بکات و گورز وەشاندنی سوپای قودس زیاتر بکات.
 
لەبارەی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، پیترۆس دەڵێت "پێموانییە زۆرینەی سەرکردەکانی عێراق بیانەوێت ئەمریکا لە عێراق بچێتەدەرەوە".
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 03-01-2020 لە بۆردوومانێکی فڕۆکەکانی ئەمریکا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک فەرماندەی ئێرانی و حەشدی شەعبی کوژران. ئەمڕۆ شەممە 04-01-2020 مەراسیمی ماڵئاوایی لە تەرمەکانیان لە بەغدا بەڕێوەچوو.