سەرۆکی کۆریای باشوور باری نائاسایی و دەسەڵاتی سەربازیی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆریای باشوور، لە پەیامێکدا باری نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیاند و دەسەڵاتی مەدەنی بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی دایە دەست سوپا تاوەکو کاروباری وڵات بگرێتە دەست. لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیشی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت کودەتا بکەن و پشتگریی کۆریای باکوور دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا، باری نائاسایی راگەیاند و بەشێوەیەکی کاتیش دەسەڵاتی سەربازیی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاند.
بەگوێرەی یاساکە، "هەموو چالاکییە سیاسییەکان، لەنێویاندا ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی نێوخۆ، پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان قەدەخەن".
هەروەها دەبێت هەموو میدیا و بڵاوکراوەکان لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیی وڵاتەکەدا بن.
سەرۆکی کۆریای باشوور، لەپەیامەکەیدا، لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی بە هەوڵی کودەتا تۆمەتبارکرد و گوتیشی "ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی وڵاتەکەیە لە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور."
دوای راگەیاندنی دۆخی نائاسایی، هێزێکی تایبەتی سوپای وڵاتەکە رەوانەی باڵەخانەی پەرلەمان کران لە شاری سیئۆلی پایتەخت. ئەمە جگە لەوەی هێزێکی زۆری پۆلیسیش لە چواردەوری پەرلەمان بڵاوەیان پێکراوە و رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەتەوە. هێلیکۆپتەری سەربازیش لە سەربانی باڵەخانەی پەرلەمان جێگیر کراوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆخی کۆریای باشوور، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی بایدن لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.