لە نەمسا گرانی نرخی کارەبا تیکتی یاریی خلیسکانەی سەر بەفری بەرزکردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

کیتزبیوڵ یەکێک لە بەناوبانگترین شوێنەکانی خلیسکانەی سەر بەفرە لە ئەوروپا و هەموو جیهان کە دەکەوێتە زنجیرە چیاکانی ئاڵپ لە رۆژئاوای نەمسا. 
 
لەبەر گرانی نرخی کارەبا بۆ ئەوەی کارەبای کەمتر بەکاربهێنرێت، بەڕێوەبەرانی ئەو شوێنە بڕیاریانداوە رۆژانە 2 کاژێر کەمتر شوێنەکەیان بکەنەوە.
 
ئانتۆن بۆندنەر، بەڕێوەبەری شوێنی خلیسکانەی کیتزبیوڵە و دەڵێت، "پێشبینی دەکەین، پارەی کارەبای ئەمجارەمان لانیکەم دوو هێندە زیاتر بێت. هیچ چارەیەکمان نییە جگە لەوەی بڕێک لەو تێچووە بەرزە بخەینە ئەستۆی سەردانکەرانمان."
 
شوێنەکانی یاری خلیسکانەی سەر بەفر بەشێکن لە کەرتی گەشتوگوزاری نەمسا کە تاوەکو بەر لە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا 3.9٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتەیان پێکدەهێنا. بەڵام قەیرانی گرانی وزە لەمساڵدا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گەشتیاری کەمتر سەردانی ئەو شوێنانە بکەن. 
 
کلاوس بێرنێرت، سەردانکەرێکی ئەو شوێنەیە و دەڵێت، "هەموو شتێک نزیکەی 20٪ بۆ 30٪ نرخەکەی بەرزبووەتەوە. ئەگەر لەوە بەدواوە 20٪ تاوەکو 30٪ی دیکە نرخەکان بەرزبکەنەوە، ناتوانین بێین بۆ یاری خلیسکێنە. ناچارین وازی لێبهێنین."
 
بەر لە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا نەمسا ساڵانە 30 ملیار دۆلار داهاتی گەشتیاری هەبوو. لەو بڕە 16 ملیاری بەهۆی گەشتیاری زستانە و خلیسکانەی سەر بەفر بووە. ئەمساڵ بەهۆی گرانی نرخی تیکتی چوونە ژوورە، هەندێ لەو هاووڵاتییانی ناچارکردووە دەستبەرداری وەرزشی خلیسکانە بن. 
 
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زیانی لە گەشتیاری زستانەی ئەم ناوچەیە داوە. لە ساڵی 1961وە تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو رۆژانەی کە ئەم ناوچەیە بە بەفر داپۆشراون 40 رۆژ کەمبووەتەوە. ناوەندی کەشناسیی نەمسا رایگەیاندووە، تاوەکو ساڵی 2100 رووبەری داپۆشراو بە بەفر لەو ناوچەیەدا بە رێژەی 25٪ کەمدەبێتەوە.