هەناری هەڵەبجە هەناردەی بەریتانیا و وڵاتانی عەرەبی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی بارهەڵگرێکی هەناری هەڵەبجەدا رایگەیاند: "بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند". خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی هەناردەی هەنارەکە دەکات دەڵێت، دەینێرنە بەریتانیا، قەتەر، ئیمارات و کوێت.
رۆژی هەینی، 2-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وێنەی بارهەڵگرێکی بڵاوکردەوە کە وێنەی هەناری لەسەرە و نووسراوە "هەناری کوردستان" و وەکو ئاماژەیەکیش بۆ هەناردەکردنی هەنارەکە نووسیویەتی: "بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند". هەنارەکە لە پارێزگای هەڵەبجەوە هەناردە دەکرێت.
رۆژی شەممە، 3-12-2022، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بڕوانامەی تەندروستی بۆ هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە دەکەین، بەڵام لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە هەناردە دەکرێت".
هەڵەبجە ساڵانە نزیکەی 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی کەمیکردووە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، ئەمساڵ نزیکەی 12 هەزار تۆن بەرهەم هەبووە. لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمیشەوە گوتی، زستانی رابردوو لە هەڵەبجە سەخت بوو و پلەی گەرما گەیشتە 15 پلە ژێر سفر، بەفر باری و پێنج رۆژ مایەوە؛ سەرمایەکی تووندی بەهار چرۆی دار هەنارەکانی وشککرد و بەشێکیان جارێکی دیکە چرۆیان نەکردەوە.
فەرەیدوون نامدار، خاوەنی کۆمپانیای هەناری سازان، کە تەنیا کۆمپانیایە هەناری هەڵەبجە هەناردە دەکات، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 20 رۆژە هەناری هەڵەبجە بۆ بەریتانیا، ئیمارات، قەتەر و کوێت دەنێرین. لەوێ کیلۆی دوو بۆ چوار یۆرۆ دەکات بەگوێرەی کواڵیتییەکەی".
فەرەیدوون نامدار دەڵێت، پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانە و ئەوان تەنیا جێبەجێی دەکەن و گوتیشی: "من گرێبەستێکم کردووە تاوەکو 10ـی ئەم مانگە هەزار تۆن هەناردەی ئەو وڵاتانە دەکەم کە دیاری کراون؛ دواتر هەزار تۆنی دیکە هەناردە دەکەم".
هەناری هەڵەبجە لە رێگەی بارهەڵگرەوە لە دەروازەی وڵاتانی تورکیا، ئێران و دەروازەکانی پارێزگاکانی عێراقەوە هەناردە دەکرێ.
لەبارەی گرنگی پڕۆژەکە بۆ جووتیارانی هەڵەبجە، فەرەیدوون نامدار دەڵێت: "زۆر گرنگە. من بەرهەمی نزیکەی 80 جووتیاری سنووری هەڵەبجەم کڕیوە بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دینار و بەشێوەی راستەوخۆ پارەکەم داوەتە جووتیاران. ئەوە بۆ جووتیار گرنگە کە دڵنیابێت لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکەی".
نامدار ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی پڕۆژەکەوە 140 بۆ 170 هەلی کار لە سنوورەکەیان بۆ هاونیشتمانییان رەخساوە و رۆژانە لەنێو باخەکاندا هەنار ئامادە دەکەن بۆ هەناردەکردن.
دوای هەنار، لە پلاندایە بەرهەمی دیکەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەبکرێت، لەوانە تەماتە، باینجان، شووتی، هەنجیر، خەیار و ترێ. فەرەیدوون نامدار گوتی: "گرێبەستێکم بۆ کڕینی 10 هەزار تۆن تەماتە کردووە؛ لەجیاتی ئەوەی تەماتەی جووتیاران وەکو بینیمان لە بێ بازاڕیدا لە پێنجوێن فڕێدرا فڕێبدرێتەوە، ساڵی داهاتوو هەناردەی دەکەین. کار بۆ هەموو بەرهەمەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هەناردەکردن، لەوانە ترێی شارباژێر و هەورامان کە بەنێوبانگن".