توویتەر: تەنیا حەوت دەزگا بۆیان هەیە براوەی هەڵبژاردنی ئەمریکا رابگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
توویتەر، زانیاری زیاتری لەبارەی وردەکارییەکانی سیاسەتی خۆی، بەڕێگەدان بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژادنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئاشکراکرد.
توویتەر ئاشکرایکرد تەنیا 7 دەزگای میدیایی دەکرێ وەک سەرچاوەی باوەڕپێکراو تەماشا بکرێن بۆ ئاشکراکردنی ناوی براوەی پێشبڕکێکانی سەرۆکایەتی وڵات و توویتەر رێگە بەبڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانیان لەسەر تۆڕەکەی دەدات.
لیستی ئەو دەزگایانەی توویتەر رایگەیاندووە بریتین لە: ABC News ، تۆڕی هەواڵی CNN ، ئاژانسی AP, CBS News، Decision Desk HQ، Fox News و NBC News.
نووسینگەی بڕیار لە تۆڕی Fox News، بە سەرچاوەیەکی متمانەدار دادەنرێت و خاوەن رێزێکی زۆرە لە نێو میدیاکاندا و لای بەرپرسانی سیاسیش، توویتەر لەبارەی ئەو نووسینگەیەوە دەڵێ، نووسینگەیەکی تایبەت بەتۆڕەکەیە و پاش لێکۆڵینەوە لێیان، دەرکەوتووە جێگەی متمانەن.
پێشتر توویتەر رایگەیاندبوو، بەر لە رێگەدان بەبڵاوکردنەوەی هەر توویت و هەواڵێک لەبارەی کەسی دەرچووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییەوە، یان دەبێ لێدوانی پشتڕاستکراوەی بەرپرسانی هەڵبژاردنی لە ویلایەتەکان لەگەڵ توویتەکاندا هەبێت، یان راگەیاندنێکی گشتی لانیکەم دوو سەرچاوەی رۆژنامەوانیی نیشتمانی فەرمی لەگەڵدا بێت.
توویتەر ئاشکرایکردووە، ئەگەر یەکێک لەو حەوت دەزگا میدیاییە، لە ماڵپەری خۆیەوە لە 'توویتەر' ئەنجامی سەرکەوتنی یەکێک لە بەربژێرەکان رابگەیەنێت، لە کاتێکدا هەواڵەکەی پشتڕاستنەکردبێتەوە، ئەوە رێگەی لێناگرێت، بەڵام هەموو دامەزراوەیەکی دیکەی میدیایی لەدەرەوەی ئەو حەوت دەزگایە، دەبێ بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی سەرکەوتنی بەربژێرەکان، پابەندی رێنوێنییەکانی سەرەوە بن.
بەپێی راگەیەنراوەکەی توویتەر، ئەگەر پەیامنێر یان بەکاربەرێکی تۆڕەکە، لە توویتێکدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڵاوبکاتەوە، بەبێئەوەی پشتی بەیەکێک لەو حەوت دەزگا باوەڕپێکراوە بەستبێت، ئەوکات 'توویتەر' توویتەکە دەسڕێتەوە، لەگەڵ دانانی تێبینییەک لەسەری کە دەڵێ 'سەرچاوە فەرمییەکان هێشتا ناوی براوەیان ئاشکرا نەکردووە'.
هۆشداری و رێنوێنییەکانی توویتەر، بۆ رێگرتن لە دروستکردنی سەرلێشێوان و گەیاندنی زانیاری نادروستە بەخوێنەرەکانی، لە کاتێکدا پێشبینیدەکرێت ژمارەیەکی یەکجار زۆری توویت لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوبکرێتەوە.
ماڵپەری 'ئیکسیۆس' ئاشکرایکرد سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بەنزیکەکانی خۆی راگەیاندووە ئێوارەی سێشەممە، سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا رادەگەیەنێت، ئەگەر بە 'پێشکەوتوو' لە دەنگدانی پێشوەختدا دەربکەوێت، تەنانەت ئەگەر ئەنجامی کۆی دەنگدانیش لە بەرژەوەندیی نەبێت، بەڵام ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و هۆشداریدا لە ساختەکاری لە دەنگداندا.
ئەوە هەر 'توویتەر' نییە کار بەو رێنوێنییە تایبەتە دەکات، بەڵکو زۆرینەی سۆشیال میدیاکان هەمان هۆشداری و رێسایان راگەیاندووە، ئەمەش لەبەرئەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکا، سرووشتێکی ئاسایی و باویان نییە.