سوپای فەرەنسا 50 چەکداری قاعیدەی لە نەیجەر و مالی کوشت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا، کوشتنی نزیکەی 50 چەکداری سەر بە رێکخراوی 'قاعیدە'ی، لە هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی لە مالی و نزیک لە بۆرکینافاسۆ راگەیاند.
فلۆرانس بارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، لەدوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی راگوزەری مالیدا، رایگەیاند، رۆژی 30ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی تیمی 'برخان' لە ئۆپەراسیۆنێکدا، نزیکەی 50 چەکداریان کوشتووە و چەندین چەک و کەرەستەی سەربازی، دەستیان بەسەرداگیراوە.
وەزیرەکە ئاشکرایکرد ئۆپەراسیۆنەکە تەکتیکی بووە: "لێدانی گورزی گەورەیە لەو گرووپە تیرۆریستییەی سەر بە قاعیدەیە و ناوی ئەنساروئیسلامە و لە ناوچەی پۆلیکیسیدا لە نزیک سنوورەکانی نەیجەر و بۆرکینا فاسۆ، چالاکە".
پێشتر گرووپی 'ئەنسارولئیسلام' کە مالام دیکۆ دایمەزراندووە و بۆ خۆی لە دایکبووی بۆرکینافاسۆیە، بەرپرسیاریەتی خۆی لە چەندین هێرش راگەیاندووە کە سوپای ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج.
ئەو رێکخراوە لەلایەن ئەمریکاوە لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدا دانراوە لە سەرەتاکانی 2018ەوە.
بارلی زیاتر گوتی: "دەسەڵاتدارانی نوێی مالی، پابەندبوونی خۆیان بە قەڵاچۆکردنی تیرۆرەوە دووپاتکردووەتەوە، ئەم سەرکەوتنە تەکتیکییەش جارێکی دیکە ئەوەمان پێدەڵێت، رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ سزا رووبەڕووی هێزەکانمان ببنەوە".
ئەو زیاتر گوتی، درۆنەکانی فەرەنسا کاروانێکی تووندڕەوەکانی بەسەر پشتی مۆتۆڕسکیلەوە بەرچاو کەوت، ئاشکرایکرد "ئەو مۆتۆڕسکیلانە دواتر لە جێگایەکدا کۆبوونەوە و خۆیان لەژێر دارستانێکی ناوچەکەدا شاردەوە، ئەوکات ئێمە دوو فڕۆکەی میراجمان هەبوو بەئاسمانی ناوچەکەوە، ئۆپەراسیۆنی برخانمان دەستبەجێ ئەنجامدا و بۆردوومانی مۆتۆڕسوارەکانمان کرد".
ئاژانسی 'فرانس پرێس' لەزاری سەرچاوەیەکی سەربازیی فەرەنسی گواستەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، 50 پارچە چەک دەستیان بەسەرداگیراوە، 30 مۆتۆڕسکیلیش تێکشکێنراون، ئەوەشی خستە روو هێزە تایبەتەکانی کۆماندۆزی فەرەنسی بەناوی 'سابر'،بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.