بووک لە ئاهەنگەکەدا گیانی لەدەستدا و زاوا لەگەڵ خوشکە بچووکەکەیدا هاوسەرگیریی کرد


رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی سەیروسەمەرەدا، لە ناوچەیەکی هیندستان بووکێک لە رۆژی ئاهەنگەکەیدا دەکەوێت و گیانلەدەستدەدات، دوای راگەیاندنی مەرگی بووکیش، زاوا لەگەڵ خوشکەبچووکەکەی بووکەکە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت. 
 
رووداوەکە لە شاری ئیتاوای هیندستان روویداوە. بووکەکە تەنیا بە سورابهی ناوی هاتووە و زاواکەش ناوی مانۆج کومار بووە. بڕیاری پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی زاواکەش لەگەڵ خوشکەبچووکەکەی بووکەکە هی هەردوو خێزانەکە بووە. 
 
تایمز ئۆف ئیندیا هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو کە 27ـی مانگی رابردوو دەکات، دوای ئەوەی بووکەکە کەوتووەتە سەر زەوی، پزیشکێک چووە پشکنینی بۆ بکات و هەر لەوێ هەواڵی مەرگی بووکەکەی راگەیاندووە. 
 
بەپێی پشکنینەکانی پزیشکەکە، بووکەکە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
دوای رووداوەکە خێزانی بووک و زاواکە کۆبوونەتەوە و لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە بەردەوامی بە ئاهەنگەکەیان بدەن و زاوا لەگەڵ خوشکە بچووکەکەی بووکەکەدا ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت کە ناوی نیشا بووە. 
 
برایەکی بووکەکە کە گیانی لەدەستداوە قسەی بۆ میدیا هیندستانییەکە کردووە و باسی لەوە کردووە، "دۆخێکی زۆر نامۆ بوو، هاوسەرگیریی زاوا لەگەڵ خوشکەکەی دیکەم لەکاتێکدا بوو تەرمی بووکەکە لە ژوورێکی دیکە دانرابوو."
 
مامی سوراهبیش دەڵێت، "بڕیارێکی قورس بوو بۆمان، تەرمی کچێک لە ژوورەکەی دیکە بوو و ئاهەنگی کچێکی دیکەیشیان لە ژوورەکەی دیکە، هەرگیز ئێمە دۆخێکی وامان بەسەر نەهاتووە کە شین و شادی تێکەڵبووە."