ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی فینلاند؛ پارتەکەی سەرۆکوەزیران پلەی سێیەمی بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی فینلاند بڵاوکرایەوە و پارتی هاوپەیمانی نیشتمانیی راستڕۆی فینلاند زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و پارتی سەرۆکوەزیرانیش لە پلەی سێیەمدایە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 3ـی نیسانی 2023، کۆی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فینلاند لەلایەن میدیای فەرمیی وڵاتەکەوە بڵاوکرانەوە و ئەنجامی دەنگەکانی پارتە سەرەکییەکان بەمشێوەیەن: پارتی هاوپەیمانی نیشتمانیی راستڕۆی نێوەڕاست 20.8٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە، پارتی Finns یاخود فینلاندییە راستڕۆکان 20.1٪ و پارتی سۆشیال دیموکراتی سانا مارینی سەرۆکوەزیرانیش کە پارتێکی چەپی نێوەڕاستە 19.9٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
ئێستا کە سێ پارتە گەورەکە یەکی نزیکەی 20٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، هیچ کامێکیان ناتوانن بەتەنیا حکومەت پێکبێنن.
سەروو 2400 بەربژێر لە 22 پارتەوە کێبڕکێیان لەسەر 200 کورسیی پەرلەمانیی دەکرد کە بە "ئیدەسکەنتا" ناسراوە.
بەگوێرەی رێژەی دەنگەکان، پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی 48 کورسیی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت، پارتی Finns یاخود فینلاندییەکان کە دژە کۆچبەر و دژە ئەجێندای یەکێتیی ئەوروپایە 46 کورسی بەدەستدەهێنێت، پارتەکەی سەرۆکوەزیرانیش 43 کورسی بەدەستدەهێنێت.
پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی، لەنێو پاڵپشتیکارانیدا لە هێلسینکیی پایتەخت سەرکەوتنی راگەیاند و گوتی، "ئێمە زۆرینەمان بردووەتەوە. لەسەر بنەمای ئەم ئەنجامە، دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بۆ فینلاند لەژێر سەرکردایەتیی پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی دەستپێدەکەن".
هەرچی سانا مارینی تەمەن 37 ساڵە، کە یەکێکە لە سەرکردە هەرە گەنجەکانی ئەوروپا، دانی بە شکستەکەیدانا.
مارین لە گوتارێکدا لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەی گوتی "پیرۆزبایی لە براوەی هەڵبژاردنەکان دەکەم. پیرۆزبایی لە پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی و پارتی فینلاندییەکان دەکەم. دیموکراسی خۆی سەلماند".
سەرۆکوەزیران گوتیشی "ئێمە پاڵپشتیمان بەدەستهێناوە، کورسیی زیاترمان بەدەستهێناوە. ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە. هەرچەندە یەکەم دەرنەچووین".
مارین لە جیهانی دەرەوەدا وەکو سەرکردەیەکی گەنجی ژن پەسندەکرێت. بەڵام لەنێوخۆی وڵاتەکەیدا بەهۆی پرسی ئاهەنگگێڕانەکەی پارساڵ و خەرجییە زۆرەکانی حکومەتەکەی، لەنێویدا لەسەر پرسی خانەنشینی و پەروەردە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.