لەنگەرگرتنی دوو کەشتیی سەربازیی ئێران لە بەرازیل، ئەمریکا و ئیسرائیل تووڕە دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لەنگەرگرتنی دوو کەشتیی سەربازی ئێران لە کەناراوەکانی ریو دی جانێرۆی بەرازیل دەبێتە هۆی هەراسانکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وەکو "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" دەیبینێت.
 
بەرپرسانی بەرازیل مۆڵەتیان بە لەنگەرگرتنی دوو کەشتیی سەربازیی ئێران لە نزیک کەناراوەکانی ریۆ دی جانێرۆی بەرازیل داوە کە هەردوو کەشتییەکە خراونەتە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی ئاداری 2023، یەکێک لەو دوو کەشتییانە لە نزیک کەناراوەکانی ریۆ دی جانێرۆی بەرازیل و ئەوی دیکەشیان لە نزیک سەنتەری شارەکە بەدیکرا.
 
کەشتیی ئایریس ماکران و ئایریس دێنا مۆڵەتیان پێدراوە تاوەکو 4ـی ئادار لە کەناراوەکانی ریۆ لەنگەر بگرن. ئەوەش تووڕەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکای لێکەوتووەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، لیۆ هایات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تویتێکدا نووسی، ئیسرائیل لەنگەرگرتنی کەشتیی سەربازیی ئیران لە بەرازیل "وەکو پەرەسەندنێکی مەترسیدار دەبینێت. نابێت بەرازیل رێگە بە وڵاتێکی پیس بدات" کارێکی لەو جۆرە بکات. 
 
رۆژی پێشتر، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتی:"بە دڵنیاییەوە ئەوە مانای ئەوە نییە، کە حکومەتی بەرازیل، گەلی بەرازیل بیانەوێت هاوکاریی حکومەتێک یاخود رژێمێک بکەن، کە بەرپرسە لە سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی خەڵکەکەی."