نەرویج خۆپێشاندانێکی قەدەخەکرد کە بڕیار بوو قورئانی پیرۆزی تێدا بسووتێندرێت


رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی نەرویج خۆپێشاندان لە دژی ئیسلام، لەنێویدا سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز قەدەخە دەکات، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، باڵیۆزی نەرویجی لە وڵاتەکەی بانگکرد. 
 
رۆژی پێنجشەممە 2ـی شوباتی 2023، پۆلیسی نەرویج لە راگەیێندراوێکدا گوتی، گرووپێکی خۆپێشاندەران پلانیان وابوو رۆژی هەینی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئۆسڵۆ بسووتێنن. گوتیشی: "سووتاندنی قورئان بۆ دەربڕینی دیدی سیاسی، بە یاسایی دەمێنێتەوە" بەڵام وەکو خۆی دەڵێت "لەبەر هۆکاری ئەمنی، نابێت ئەوە بکرێت." 
 
هەر رۆژی پێنجشەممە، ئەنقەرە بەشێوەیەکی تووند سەرکۆنەی پلانەکانی گرووپە دژە ئیسلامییەکانی کرد و بە "کارێکی هەراسانکارانەی" ناوبرد. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەش گوتی کە داوایان کردووە خۆپێشاندانەکان هەڵبوەشێندرێنەوە. 
 
جگە لەوەش، تورکیا باڵیۆزی نۆ وڵاتی دیکەی لەسەر پرسی هاوشێوە بانگهێشتکرد. 
 
وەزارەتی دەرەوەی نەرویجیش گوتی کە تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی خۆپێشاندانەکانی هێناوەتە بەر باس.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج گوتی: "باڵیۆزی ئێمە باسی لە مافی دەستووری کرد لەبارەی ئازادیی رادەربڕین لە نەرویج و ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی نەرویج نە پاڵپشتی لە خۆپێشاندانە پلان بۆ دانراوەکە دەکات نە دژیشیەتی." 
 
دوای ئەوەی لە 21ـی کانوونی دووەمدا راسمۆس پاڵودان، سیاسەتڤانی تووندڕۆی سوێدی - دانیمارکی کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم سووتاند، سوێد رووبەڕووی سەرکۆنەی تووند بووەوە لەلایەن تورکیاوە. لە چەند ناوچەیەکی جیهانی ئیسلامیشدا خۆپێشاندان لە دژی ئەو کارەی سیاسەتڤانە تووندڕۆیەکە کرا. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە سوێد و فینلاند دەیانەوێت ببنە ئەندامی ناتۆ، بەڵام تورکیا رێگرە. لە دوایین پێشهاتیشدا، لەدوای سووتاندنی کۆپیی قورئانی پیرۆز، رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لە پۆلیسی سوێد گرت کە لە کاتی ئەو کارەیدا پاسەوانییان لێدەکرد. لەو کاتەشەوە دانوستاندنەکان وەستاون.