بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر فلیپینی هەژاند؛ هۆشداریی سوونامی دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.6 رێختەر لە باشووری فلیپینی دا و راستەوخۆ بەرپرسانی لۆکاڵی هۆشداری سوونامییان دا.
 
سوونامی بریتییە لە زنجیرەیەک شەپۆلی دەریا یاخود دەریاچە کە زۆربەی کات دوای بوومەلەرزە یاخود گڕکان و هەندێکجاریش بەهۆی تەقینەوەیەکی مەزن لەنێو ئاو دروستدەبن و لە کەناراوەکان لافاو دروست دەکەن.
 
بەگوێرەی سەنتەری جیۆلۆجی ئەمریکا، گوڕی بومەلەرزەکە 7.6 رێکختەر بووە، بە قووڵایی 32 کیلۆمەتر و بەدووری 21 کیلۆمەتر داویەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هیناتوان لە پارێزگەی سوریگاو دێل سور لە دوورگەی مینداناوی فلیپین.
 
پەیمانگەی گرکان و بوومەلەرزەزانیی فلیپین لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، "سوونامییەکی وێرانکەر بەڕێوەیە و چاوەڕوان دەکرێت بەرزبووەنەوەی شەپۆلەکان هەڕەشە لەسەر ژیان دروست بکەن."
 
هەر ئەو پەیمانگەیە داوای لە خەڵك کردووە دەستبەجێ کەناراوەکانی دوورگەی سوریگاو دێل سور داڤاو بەجێبهێڵن، چونکە ئەگەری هەیە شەپۆلەکان مەترێک بۆ سێ مەتر لە ئاستی ئاسایی خۆیان بەرزبنەوە.
 
لای خۆیەوە، میدیای فەرمیی ژاپۆن رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت سوونامی بە بەرزیی یەک مەتر شەپۆلی دەریا بگەیێنێتە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەیان. 
 
کەشتیوان و بەلەمەوانەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە دوور لەو کەناراوانە لەنگەر بگرن. 
 
جۆسێف لامبۆ، بەرپرسی پۆلیسی هیناتوانی فلیپین بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، داوا لە 45 هەزار کەس لە دانیشتووانی شارەکە کراوە ماڵەکانیان جێبهێڵن و هەندێکیان بە پێ و هەندێکیان بە ئۆتۆمبێل هەوڵیان داوە بچنە سەر بەرزاییەکان.