ئەمریکا و چین یەکدی بە بڵاوکردنەوەی "زانیاریی چەواشەکارانە" تۆمەتباردەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

لەکاتێکدا بەرپرسان لە پەکین سەرقاڵی یادکردنەوەی 74ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری میللیی چین بوون، لەلایەن ئەمریکاوە رووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین تۆمەتەکان کرانەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا چین بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە تۆمەتباردەکات، دەڵێت، پەکین لە رێگەی سانسۆرکردن، بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و کڕینی پلاتفۆرمی هەواڵی، میدیای جیهانی شێواندووە کە ئەمەش پێچەوانەی ئازادیی رادەربڕینە.
 
جەیمس روبین، نێردە و هاوئاهەنگیکاری تایبەتی سەنتەری پەیوەندیی جیهانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، "تێڕوانینێکی گشتگیرە کە چۆن کۆماری گەلی چین و پارتی کۆمیۆنیستی چین لەپێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجە جیۆپۆلەتیکییەکانی، هەوڵی شێواندن لە بواری زانیاریی جیهانی دەدات."
 
وەزارەتی دەرەوەی چین تۆمەتەکانی ئەمریکای رەتکردەوە و گوتی، تۆمەتبارکردنی چین بە بڵاوکردنەوەی "زانیاریی چەواشەکارانە" خۆی "چەواشەکارییە."
 
وانگ وینبین، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی چین دەڵێت، "داوا لە لایەنی ئەمریکی دەکەین دەستبەجێ ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنی چین بوەستێنێت و بەناوی مافەکانی مرۆڤەوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی چین بوەستێنێت."
 
ئەمریکا هەڵمەتێکی گەورەی لە دژی چین لەسەر تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی دەستپێکردووە، لە 2019ـەوە کۆمپانیای مێتا بەتەنیا 7,704 هەژمار و 954 پەیج و 15 گرووپ و 15 هەژماری ئینستاگرامی داخستوون کە گوایە بەشێکن لەو ملیاران دۆلارەی چین خەرجی کردووە بۆ داڕشتنەوەی "ژینگەی زانیاری لەسەر ئاستی جیهان."
 
چین بەتەنیا بە رەتکردنەوەی تۆمەتەکان نەوەستا، دەستوەردانی ئەمریکای لە عێراق و سووریا وەبیرهێنایەوە و جارێکی دیکە پێشێلکردن و چەوساندنەوەی کەمینە موسڵمانەکانی ئۆیگۆری رەتکردەوە و ئەمریکاشی بە "ئیمپراتۆری درۆ" وەسفکرد.