تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە پایتەختی ئەفغانستان روویدا و شەش کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان تەقینەوەیەکی خۆکوژی روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.
تەقینەوەکە لە باشووری پایتەختی وڵاتەکە روویداوە و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە. بەرپرسانی ئەفغانستانیش دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن.
خالید زەدران، گوتەبێژی پۆلیسی کابوول لە پۆستێکی ئێکسدا دەڵێت: "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ [دووشەممە] کەسێک کە پشتێنی بۆمبڕێژکراوی لە جەستەی بەستبوو، خۆی تەقاندەوە."
دەشڵێت، ئەو شەش کەسەی کوژراون، هەموویان خەڵکی سڤیلن و یەکێکیان ژنە.
لەدوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 بۆ سەر دەسەڵات، چەند گرووپێک لەناو ئەفغانستان ناو بەناو تەقینەوە ئەنجام دەدەن.
یەکێک لەو گرووپانەی زوو زوو هێرشی لەو جۆرە دەکات، رێکخراوی داعشی خۆراسانە و پێشتر چەند جارێک بە چەک و تەقینەوە مزگەوت، شوێنی گشتی و بنکەی پۆلیسی کردووەتە ئامانج.