نەتەوە یەکگرتوەکان: ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووانی هیندستان پێش چین دەکەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

چین رووبەڕووی "قەیرانی دیمۆگرافی" بووەتەوە ژمارەی کارکەرانی سەروو 60 ساڵان رووی لە هەڵکشانە و گەشە ئابوورییەکەی خاو کردووەتەوە. بەپێی پیشبنییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی داهاتوودا ژمارەی دانیشتووانی هیندستان پێش ژمارەی دانیشتووانی چین دەکەوێت. 
 
رۆژی دووشەممە 1ـی ئابی 2022، کۆمیسیۆنی تەندروستی نیشتیمانی چین راگەیاند، چالاکی دانیشتووان بۆ خوار 1.3 نزمبووەتەوە لەم ساڵانەی رابردوودا و هەتا ساڵی 2035 رێژەی تەمەنی سەروو 60 ساڵان دەبێتە 30٪ و ئەمەش مەترسی لەسەر گەشەی ئابووریی چین دروستدەکات. هاوکات، مانگی کانوونی دووەم، حکومەتی چین هۆشداریدا لەوەی لە پێنج ساڵی داهاتوودا گەشەی دانیشتووانی چین دەبێتە 0٪ یاخود دەچێتە ژێر سفرەوە. 
 
کۆمیسیۆنی تەندروستی نیشتیمانی چین رایگەیاند: "ئێستا سیستمی پاڵپشتیکردنی منداڵبوون بێکێشە نییە و بۆشاییەکی گەورە لە نێوان گەشەی دانیشتووان و تێڕوانینی خەڵک بۆ منداڵبوون هەیە."
 
خێزانەکان بچووکتر دەبنەوە، پڕۆسەی بەخێوکردنی منداڵان لاوازدەبێت و کۆمیسیۆنی تەندروستیی نیشتیمانی پلانی هەیە هۆشداری دەربارەی پێگەیاندنی منداڵان بڵاوبکاتەوە و باجی سەر خێزانەکان کەمبکاتەوە، تاوەکو بتوانن باشتر منداڵەکانیان بەخێو بکەن. ئێستا دەسەڵات لە هەندێک شوێنی چیندا چەند رێوشوێنێکی "هاوڕێی خێزانی" بڵاودەکەنەوە هەتا لەو رێگەیەوە رووبەڕووی کەمی منداڵبوون ببنەوە.   
 
کۆمیسیۆنی تەندروستیی نیشتیمانیی چین راگەیاند، لە شاری هانگژوی رۆژهەڵاتی چین، ئەو خێزانانەی سێ منداڵایان هەیە دەتوانن 20٪ زیاتر لە بڕی دیاریکراو قەرزی سندوقی دابینکردنی خانووبەرە بۆ یەکەمجار وەربگرن ئەمەش وەکو پاڵپشتیکردنی خێزانەکان تاوەکو زیاتر لە دوو منداڵ بخەنەوە.   
 
بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان و گۆڕانی کولتووری لەگەڵ راهاتنی خەڵک بە خێزانە بچووکەکان وەک هۆکاری پشت کەمبوونەوەی ژمارەی منداڵبوون دەبینرێت. 
 
"سیاسەتی یەک منداڵ" لەلایەن دێنگ شیاوپینگ، سەرکردەی چین لە ساڵی 1980 خرایە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ سنووردارکردنی گەشەی دانیشتووان و پێشخستنی گەشەسەندنی ئابووری.
 
بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 دەگاتە هەشت ملیار و هیندستان لە رێڕەودایە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2023 پێش چین بکەوێت لە رووی زۆری ژمارەی دانیشتووان.
 
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی وۆڵد ئۆمیتەر، ژمارەی دانیشتووانی چین 1,439,323,776 کەسە، ژمارەی دانیشتووانی هیندستانیش 1,408,826,835 هەزار کەسە.