سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ پشتگیری مافی چارەی خۆنووسین دەكات بۆ کوردستان

رووداو - هەولێر

ئەنجوومەنی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ لە نەتەوەیەکگرتووەکان، وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكانی دیکە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، پشتگیری خۆی بۆ مافی چارەی خۆنووسین بۆ کوردستان دەربڕی.

لە دوایین کۆبوونەوەیدا ئەنجوومەنی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ لە  نەتەوەیەکگرتووەکان، رۆژی شەممە 2-7-2016 راگەیێندراوێکی تایبەت بە  هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

ئەنجوومەنەكە رایگەیاندووە "دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەکی بێ پێشینە دووچاری پێکدادن و ناسەقامگیری تائیفی و شۆڤینیزمی نەتەوەیی بووەتەوە، هەورەها نەبوونی حکومەتی باش و رەوشی ئابووری خراپ ناسەقامگیرییەکانی زیاترکردووە".

دەربارەی رۆڵی دۆزی کورد و هەرێمی  کوردستان لە ناوچەکەدا، سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ رۆڵی ئەرێنی هێزەکانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژ بە تیرۆردا و، سەخاوەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان و دابینکردنی شوێنێکی ئارامی بۆ ئاوارە و کۆچبەران بەرزنرخاندووە، جگە لەوەش دەڵێت "رۆڵی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشدا لە عێراق زۆر گرنگە، هەروەها هەرێمی کوردستان هەوڵ و کۆششێکی بوێرانە و دڵسۆزانەی داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان". 

لەکاتێکدا باشووری کوردستان پێداگری لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی دەکات بۆ جیابوونەوە لە عێراق و ئێستا گەرمترین پرسە لە ناوچەكە، ئەنجوومەنی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ پشتگیری مافی چارەی خۆنووسین دەکات بۆ كوردستان و دەڵێت "پێشوازی لە مافی چارەی خۆنووسین و پەیوەندییەکی نوێ دەکەین کە لەڕێگەی تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت".

دەربارەی  رۆژئاوا و رۆژهەڵات و باکووری کوردستان، ئەنجوومەنی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی  پشتگیری بۆ چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیانەی دۆزی کورد دەردەبڕێت، هەروەها پشتگیری مافی چارەی خۆنووسین دەکات.        

سۆسیالی نێودەوڵەتی یاخود سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ، کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتییە لەنێو نەتەوەیەکگرتووەکان و لە چەند پارت و قەوارەیەکی سیاسی پێکدێت، ئامانجیان پێکهێنانی بیرۆکەی سۆییالی دیموکراتییە.

سۆییالیست ئینتەرناشناڵ لە 3-6-1951، واتە 65 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە. ئامانجی ئەم کۆمەڵگەیە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەنێوان ئەو پارتانەی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە.

بارەگای سەرەکی لە لەندەنەو لە 160 ئەندام پێکدێت، هەر یەک لە پارتی دیموکراتی کورستان، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئەندامن لەو کۆمەڵگەیەدا و هەریەکەیان لە ساڵی 2015 و 2008 بە فەرمی بوونەتە ئەندام لە رێکخراوەکە.

سەرۆکی رێکخراوەک ناوی  جۆرج پاپاندرۆوە و سکرتێری گشتییەکەشی لویس ئەیالایە، ماوەیەكیش مام جەلال، سەرۆككۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی، جێگری سكرتێری گشتی رێكراوەكە بوو. سۆشیاڵی نێودەوڵەتی دوایین لووتکەی لە ساڵی 2012  لە کاپی تاون لە ئەفریقای باشوور ئەنجامدا.