سکرتێری گشتیی ناتۆ بۆ ئەندامبوونی ئۆکراینا: دەرگامان لەسەر پشتە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کۆبوونەوە و پرسی ئەندامبوونی ئۆکراینا لە هاوپەیمانێتییەکە تاوتوێ دەکەن.
 
ناتۆ دەڵێت، دەرگەی بۆ ئۆکراینا لەسەرپشتە. یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، "هەموو هاوپەیمانان لەگەڵ ئەوەدان کە دەرگە واڵابێت، تەنیا هاوپەیمانان و خودی ئۆکراینا دەتوانن بڕیار لەبارەی ئەندامبوونی وڵاتەکەوە بدەن. رووسیا مافی ڤیتۆکردنی نییە. هەموو هاوپەیمانەکان رازین بۆ ئەندامبوونی ئۆکراینا."
 
هەموو ئەو وڵاتانەی کە لەسەر نەخشەکە دەردەکەون و بە شین رەنگ کراون، ئەندامی ناتۆن و ژمارەیان 31 ئەندامە. 4ـی نیسانی 2023، فینلاند بووە ئەندام. وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، دەوری رووسیایان داوە. ئەگەر ئۆکرایناشی بێتە سەر، دۆخی جیۆسیاسی و جیۆستراتیژیی رووسیا ئاڵۆزتر دەبێت.
 
دوای ئەوەی رووسیا لە ساڵی 2014 دا کریمیای بەخۆوە لکاند، ئۆکراینا زیاتر بەخۆیدا چووەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە ناتۆ، حوزەیرانی 2017، لە پەرلەمانی ئۆکراینا قبووڵکرا کە داوای بە ئەندامبوون پێشکێش بکات. کۆی ئەم رووداوانە و چڕبوونەوەی هەوڵەکانی ئۆکراینا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ، یەكێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەشکرکێشیی رووسیا بوو.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، "ئایا جگە لە ناتۆ هیچ گەرەنتییەکی دیکەی ئەمنی هەیە؟ ئێمە دەمانەوێت گەرەنتی ناتۆمان هەبێت. ئێستاش کە ئەندامی ناتۆ نین، ئێمە گەرەنتی ئاسایشمان دەوێت."
 
بە گوێرەی مادەی پینجی پەیماننامەی ناتۆ، هێرشی سەر ئەندامێک هێرشە بۆسەر هەموو ئەندامانی ناتۆ. بە مانایەکی دیکە، ئەگەر ئۆکراینا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکە، ئەوکات وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، ناچارن راستەوخۆ دەستوەردان بکەن و لە دژی رووسیا شەڕ بکەن.