لە رۆژی کرێکاراندا 800 هەزار کەس لە فەرەنسا دژی ماکرۆن خۆپێشاندانیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی جیهانیی کرێکاراندا نزیکەی 800 هەزار کەس چوونە سەر شەقامەکانی چەندین شاری فەرەنسا و دژی بڕیاری سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ، خۆپێشاندانیان کرد.
رۆژی 1ی ئایاری 2023 نزیکەی 500 هەزار کەس لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا و 300 هەزاری دیکەش لە شارەکانی لیۆن و نانتسی فەرەنسی خۆپێشاندانیان کرد و لە ئەنجامیشدا شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزەکانی پۆلیس دروست بوو.
بەگوێرەی میدیای فەرەنسی، پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی دژی خۆپێشاندەران بەکارهێناوە، خۆپێشاندەرانیش هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیس، لە ئەنجامدا 108 پۆلیس بریندار بوون و زیاتر لە 200 خۆپێشاندەریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
پۆلیسی فەرەنسا لە رێگەی درۆنەوە وێنەی شەڕ و ئاژاوەکانی نێو خۆپێشاندانەکانی گرتووە. جێراڵد دێرمێنیان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاشکرای کرد، تەنیا لە شاری پاریس 19 ئەفسەری پۆلیس بەهۆی مۆلۆتۆڤەوە بریندار بوون، کە یەکێکیان برینەکەی سەختە.
سەندیکاکانی کرێکاران و فەرمانبەران داوای بەشدارییەکی فراوانتری لە خۆپێشاندانەکان کردبوو، تاوەکو حکومەتی فەرەنسا ناچار بکەن لە هەوڵەکانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بە دوو ساڵ، پاشگەز بکەنەوە.
بەپێی دوایین راپرسی لەسەر بۆچوونی فەرەنسییەکان لەبارەی ئەو هەنگاوەی حکومەتی فەرەنسا، زۆرینەیان دژی ئەو بڕیارەکەن، کە مانگی رابردوو بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا، واژۆی لەسەر هەموارکردنی یاساکە کرد. ئەمەش سەرەڕای چەندین مانگ خۆپێشاندان و مانگرتنی هەزاران کرێکار و فەرمانبەری فەرەنسی.