ئاگربەست لە سوودان بۆ ماوەی حەوت رۆژ رادەگەیێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە سوودان راگەیێندرا و هەردوو لایەنی شەڕکەریش رەزامەندییان پیشاندا کە دەست بە دانوستاندن بکەن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو قەیرانەی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 2ی ئایاری 2023 وەزارەتی دەرەوەی سوودانی باشوور بڵاویکردەوە، سوپای سوودان بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای سوودان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆی، رەزامەندییان پیشاندا بۆئەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت رۆژ رابگەیێنن و ئاگربەستەکەش لە 4ی ئایارەوە دەستپێدەکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی سوودانی باشوور دەڵێت، هەردوو لایەنی شەڕکەر رەزامەندییان دەربڕیوە نوێنەری خۆیان بنێرنە سەر مێزی دانوستاندن و هەوڵبدەن لە رێگەی دیالۆگەوە قەیرانەکە چارەسەر بکەن.
 
شەڕ لە سوودان رۆژی 15-04-2023 دەستیپێکرد و بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، لەو کاتەوە لانیکەم 528 کەس کوژراون و 4599 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە لە سوودان هەڵاتوون و چوونەتە وڵاتانی دیکە و زیاتر لە 300 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
 
شەڕی نێوخۆی سوودان دوای ئەوە سەریهەڵدا کە گرژییەکان لەنێوان عەبدولفەتاح بورها و محەممەد حەمدان دەگەلۆی جێگری لەسەر ماوەی پێویست بۆ یەکخستنەوەی سوپا و هێزی پشتیوانیی خێرا و پرۆسەی بەدیموکراسیکردنی حکومەتی سوودان زیادیکرد.
 
هەریەک لەو دوو سەرکردە سەربازییە کە لە 2019وە هاوپەیمان بوون، هەوڵی بوونە سەرۆکی دیفاکتۆی وڵاتەکە دەدەن.