دامەزراندن بە ژیریی دەستکرد؛ رەنگە پێویستبێت دووجار بیر لە تواناکانت بکەیتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئانتیا چەندین ساڵ بوو خەونی بوو ببێتە ئارایشتکار یاخود "مەیک ئەپ ئارتیست." لە هەڵسەنگاندنێکی کۆمپیوتەری، کە بە ژیریی دەستکرد بەسترابووەوە، دەرنەچوو و کارەکەی لەدەستدا.
 
ئەوە بۆ ئانتیا هەواڵێکی ناخۆش و نائومێدکەربوو، دەڵێت، "پیشەیەک کە ماندووبوونی زۆرم پێیەوە بینی، کاتی زۆرم بۆی دانا. ئارەقی رەش و شینم بۆی رشت، خۆشەویستی و هەموو شتێکم بۆی تەرخانکرد، لەدەستمدا کە لە رووی دەروونییەوە زۆر کاری تێکردم."
 
زیاتر لە 40٪ـی کۆمپانیاکانی 20 وڵات لە جیهاندا بۆ دامەزراندنی خەڵك پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستن.
 
بەریتانیا لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەدایە. 
 
کۆمپانیاکان باوەڕیان وایە ژیریی دەستکرد جیاوازی لەنێوان خەڵكدا ناکەن و کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دەهێڵنەوە.
 
بەڕێوەبەری بەشی بەرهەم لە کۆمپانیای سمارت ریکریوتەرز، کە کار بۆ خەڵک دەدۆزنەوە باسی بەرنامەیەک دەکات کە شیکردنەوە بۆ سی ڤییەکان دەکات و بەگوێرەی لێهاتوویی نمرە بۆ خەڵک دادەنێت.
 
کریس، ناوی ئەو بەڕێوەبەرەیە، دەڵێت، "جاران کە خەڵکم دادەمەزراند، لەسەر بنەمای سی ڤی هەڵسەنگاندنمان بۆ دەکردن، بەڵام ئەمەیان بەگوێرەی ریزبەندی و خاڵە کە یارمەتیمان دەدات، زۆرترین کات بۆ ئەوانە تەرخان بکەم کە یەکەم بوون."
 
راستە ژیریی دەستکرد ناهێڵێت کۆمپانیاکان کات و خەرجی بەفیڕۆ بدەن، بەڵام ئەم ژیریی دەستکردە کە ئەگەر مرۆڤ سەرپەرشتیی نەکات، مرۆڤ خۆی باجەکەی دەدات.
 
چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو سەرەتاکانی 2035 ژیریی دەستکرد 2.5 ملیۆن کار لە مرۆڤ بسێنێتەوە.