بەرپرسێکی ژاپۆنی: گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە بۆ 48 کەس بەرزبووەوە


رووداو - هەولێر

گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی دووشەممەوە، بۆ 48 کەس بەرزبووەوە، ئەمە بە گوتەی بەرپرسێکی ژاپۆنی کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس کردووە. 
 
حکومەتی ژاپۆن بەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاندبوو کە گیانلەدەستدان گەیشتووتە 30 کەس، هەروەها 14 کەسیش بە سەختی بریندار بوون، بەڵام بەرپرسێکی پارێزگەی ئیشیکاوا، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە، "ئاماری گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 48 کەس."
 
بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای ئەو وڵاتە هەروەها زیانی بە چەندین خانوو و باڵەخانە، ئۆتۆمبێل و بەلەم گەیاندووە. بەرپرسانی ژاپۆن ئەمڕۆ سێشەممە، هۆشدارییان بە خەڵکی هەندێ ناوچە دا، کە لە ماڵدا نەمێننەوە، چونکە مەترسیی بوومەلەرزەی زیاتری بەهێز هەیە. 
 
ئەمڕۆ پاشلەرزەکان بەرەوامبوون لە هەژاندنی پارێزگەی ئیشیکاوا و ناوچەکانی نزیکی، دوای ئەوەی کە دوێنێ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر ناوچەکەی گرتەوە؛ هەندێ سەرچاوە بوومەلەرزەکەیان لە نێوان 7.3 و 7.5 پلە تۆمارکردبوو. 
 
بەرپرسانی ژاپۆن رایانگەیاندبوو، گیانلەدەستدانی 30 کەس لە ئیشیکاوا پشتڕاستکراوەتەوە. هەروەها 14 کەسی دیکە بریندارن. بە گوتەی خۆیان، ئەو زیانەی بەر ماڵەکانیش کەوتووە، هێندە گەورەیە کە ناتوانرێ دەستبەجێ مەزەندە بکرێت. 
 
ئەمڕۆ، فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن گوتی: "پاراستنی ژیانی خەڵک کاری لەپێشینەی ئێمەیە و ئێمە لەگەڵ کات لە کێبڕکێداین. زۆر گرنگە ئەو خەڵکەی لە ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە، رزگار بکرێن."
 
لەو کاتەی کە کیشیدا قسەی دەکرد، بوومەلەرزەیەکی 5.6 پلەیی ناوچەکەی هەژاند. 
 
کیشیدا گوتی، سوپای ژاپۆن هەزار سەربازی لە ناوچە کارەساتلێدراوەکان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی تیمە فریاگوزارییەکان بدەن، جەختیشیکردەوە کە رووبەڕووی "زیانێکی بەرفراوان" بوونەتەوە.
 
تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە توانیویان لە شاری واجیما ئاگرێک کۆنترۆڵ بکەن، کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەوە کەوتبووەوە. 
 
دامودەزگەکانی تایبەت بە چاودێریکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ژاپۆن رایگەیاند، هەموو بنکەکان لە شوێنە لەرزەلێدراوەکان بە شێوەیەکی ئاسایی کاری خۆیان دەکەن. بوومەلەرزەیەکی گەورە و سوونامی لە ئاداری ساڵی 2011 بووە هۆی توانەوەی سێ کوورەی ساردکردنەوەی ئەتۆمی و بڵاوبوونەوەی بڕێکی گەورەی تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە بنکەیەکی ئەتۆمیی باکووری رۆژهەڵاتی ژاپۆن. 
 
ئەو ڤیدیۆیانەی کە تازە بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن کە چەندین خانوو رووخاون. هەندێ شوێن کە لە دار دروستکرابوون، تەختی زەوی بوون و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش وەرگەڕاون. هەروەها چەندین کەشتی لە کەنارەکانی دوورگەکانی هۆنشوو و هۆککایدۆ بە نیوەیی ژێر ئاوکەوتوون. 
 
بەرەبەیان ئەمڕۆ، هەموو هۆشدارییەکانی دروستبوونی سوونامی هەڵوەشێنرانەوە، دوای ئەوەی کە لە هەندێ شوێن، شەپۆلی دەریا یەک مەتر بەرزبووەوە و چووە نێو شار. 
 
ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن هۆشداریی دا، دەکرێت لەم چەند رۆژەدا، بوومەلەرزەی بەهێز رووبداتەوە. 
 
ئەو خەڵکەی کە ماڵەکانیان چۆڵکردبوو، لە نێو هۆڵ، قوتابخانە و پەناگەکانی دیکەدا حەوێنراونەتەوە. شەمەندەفەرە خێراکان لە ناوچەکانی بوومەلەرزە وەستێنرابوون، بەڵام ئەمڕۆ لە هەندێ شوێن دەست بە وەگەڕخستنەوەیان کرا. هەروەها چەند رێگەیەکی سەرەکی داخرابوون، بۆڕییەکانی ئاو تەقیبوون و خزمەتگوزاریی پەیوەندیکردن لە هەندێ ناوچە نەمابوو. 
 
ژاپۆن دەکەوێتە سەر ئەلقەیەکی گڕکاناوی و شوێنی بەیەکگەیشتنی پلێتەکانی زەوی، کە بە "ئەلقەی ئاگر" ناودەبرێت، بۆیە زوو زوو دەکەوێتە بەر بوومەلەرزە. 
 
لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 100 پاشلەرزە وڵاتەکەیان هەژاندووە.