چین باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی دەگوێزێتەوە شوێنێکی دیکە

رووداو دیجیتاڵ 
 
 
باڵەخانەی قوتابخانەیەکی سەرەتایی کە لە پێنج نهۆم پێکهاتووە لە شەنگەهای چین کە پێش 85 ساڵ دروستکرابوو، لە رێگەی رۆبۆتەوە بە تەواوی لە شوێنەکەی هەڵگیرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

 

 بە گوتەی لان وجی، سەرپەرشتیاری تەکنیکیی پڕۆژەکە، وەک دوایین هەوڵەکانی شارەکە بۆ پاراستنی پێکهاتە مێژووییەکان، ئەندازیاران نزیکەی 200 رۆبۆتی جوڵاندنیان بەژێر بینا پێنج نهۆمییەکەوە لکاندووە، کە وەک حکومەتی چین رایگەیاندووە، ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا ئەم جۆرە ئامێرە بۆ گواستنەوەی باڵەخانەی کۆن بەکاردەهێنرێت.

 

بە گوتەی لان، خاوەنی کۆمپانیای Shanghai Evolution Shift ئەو ئامێرانە وەکو پێی رۆبۆتی کار دەکەن، بەسەر دوو گرووپدا دابەشکراون کە بە شێوەی نۆرە بەرزونزم و جوڵە دەکەن هاوشێوەی جوڵەی پێی مرۆڤ، ئەوەش یارمەتیی چوونە پێشەوەی باڵەخانەکە دەدات. لان دەڵێت "وەک ئەوە وایە دارشەق بۆ باڵەخانەکە دابنێیت، تاوەکو هەستێتە سەرپێ و بڕوات".

 

کرێکارەکان سەرەتا ناچاربوون لە دەوروبەری باڵەخانەکە چاڵ لێبدەن تاوەکو ئامێرەکان لەژێری بچەسپێنن، دواتر پێیە رۆبۆتییەکان بەرزبوونەوە و دەستیان بە جوڵە کردووە.
 
لەم ڤیدیۆیە کە کۆمپانیاکە بەشێوەی تایم لاپس بڵاوی کردووەتەوە دەردەکەوێت کە چۆن باڵەخانەکە بە هەنگاوی و بچووک و هێواش جوڵە دەکات.

 

 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی پارێزگای هانگپو، گواستنەوەی باڵەخانەی ئەو خوێندنگە سەرەتاییەی لاگێنا کە لە ساڵی 1935 لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانیی  پێشووی فەرەنسا لە شەنگەهای دروستکراوە، بۆ ئەوەیە لە شوێنەکەی باڵەخانەیەکی نوێی بازرگانی و ئۆفیسی نوێ دروستبکرێت کە بڕیار وایە تاوەکو ساڵی 2023 تەواو بکرێن.

 

لە ماوەی 18 رۆژدا باڵەخانەکە 21 پلە سوڕایەوە و 62 مەتر گوازرایەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی کە بڕیارە وەک ناوەندێک بۆ پارێزگاریکردن لە کەلەپوور و پەروەردەی کولتووریی ئەو شارە بەکاربهێنرێت.

 

ئەوە یەکەمجار نییە لە شەنگەهای باڵەخانەکان دەگوێزرێنەوە، ساڵی 2003 هۆڵی شەنگەهای بۆ ئاهەنگەکان کە ساڵی 1930 بنیادنرابوو، 66 مەتر گوێزرایەوە بۆ شوێنێکی دیکە، دوای ئەوەش باڵەخانەی Zhengguanghe کە کۆگایەکی شەش نهۆمی بوو و مێژووەکەی بۆ ساڵانی سییەکان دەگەڕایەوە، 38 مەتر گوێزرایەوە. 
 
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی شینوای چینی، شەنگەهای لە ساڵی 2018دا باڵەخانەیەکی 90 ساڵەی لە ناوچەی هۆنگکۆ گواستەوە، کە ئەو کات بە ئاڵۆزترین پرۆژەی گواستنەوە لە شەنگەهای دادەنرا.

 

لەم چەند دەیەی دواییدا چین چەندین باڵەخانەی مێژوویی رووخاندووە بۆ دروستکردنی باڵەخانە و ئۆفیسی نوێ، بەڵام نیگەرانییەکی زۆر لەسەر ئەو میراتە تەلارسازییانە دروستبووە کە لە ئەنجامی وێرانبوون لە سەرانسەری وڵاتدا بەوهۆیەوە لەدەستچوون. بۆ ئەو مەبەستەش هەندێک لە شارەکان هەڵمەتی نوێیان دەستپێکردووە بۆ پاراستنی باڵەخانە دێرینەکان، لە هەندێک شوێن  تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکارهێنراوە، کە یارمەتیدەربوون لە گواستنەوەی باڵەخانەکان.

 

شەنگەهای یەکێک لە پێشکەوتووترین شارەکانی چینە لە رووی پاراستنی کەلەپوور، ژمارەیەک باڵەخانەی ساڵانی سییەکانی تا ئێستاش ماونەتەوە وەک "گەڕەکی بوندی بەناوبانگ" و خانووەکانی "شیکومین"، یان "دەرگەی بەردین" کە  مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم کە وەک نموونەیەک بۆ نیشاندانی چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ شوێنەوارە کۆنەکان نوێکراوەتەوە.