CPJ هەڵمەتی "ونبوون، بەڵام لەبیرنەکراون" رادەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەڤانان هەڵمەتێک بەناوی "ونبوون، بەڵام لەبیرنەکراون"، رادەگەیێنێت، کە ئامانجی گوشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی جیهانە تاوەکو لێکۆڵینەوە لە کەیسی 64 رۆژنامەڤانی بێسەروشوێن بکەن. 
 
ئەو رۆژنامەڤانانە بەشێکیان لە چەند ساڵی رابردوو لە عێراق، سووریا و لوبنان بێسەروشوێن بوون، بە گوتەی CPJ، نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی گشتیی رۆژنامەڤانە ونبووکانی جیهانن.
 
بەپێی کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەڤانان، هەڵمەتەکە 19 رۆژ دەخایێنێت و هەر رۆژێک چیرۆکی رۆژنامەڤانێکی ونبوو بڵاودەکەنەوە. یەکەم کەسیش چیرۆکەکەی بڵاو بکەنەوە، سەمیر قەسابە کە فۆتۆگرافەرێکی لوبنانییە و لە ساڵی 2013 لەکاتی ئەنجامدانی کاری رۆژنامەڤانی لە حەلەبی سووریا دیارنەما. 
 
کۆرتنی رادش، بەڕێوەبەری بەشی داکۆکیکردن لە CPJ، دەڵێت، کەمپەینەکە "گوشار دەخاتە سەر دەسەڵاتداران تاوەکو لێکۆڵینەوە بکەن، چونکە بنەماڵەکانیان مافی خۆیانە راستی بزانن".
 
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، دیارنەمانی رۆژنامەڤانان دەبێتە هۆی ونبوونی چیرۆکی گرنگ و بەجێهێشتنی چەندین پرسیاری بێ وەڵام، "حکومەتەکانیش پەیامێکی روون بۆ ئەو رۆژنامەڤانانە دەنێرن کە ئەمڕۆ کاردەکەن بەوەی ئەوانیش دەکرێت بێدەنگ بکرێن".
 
جەنگ و ناکۆکی لە سووریا و عێراق بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەڤانان بێسەروشوێن بن،  زیندانی بکرێن یان بکوژرێن . بەپێی ئامارەکانی CPJ، لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 137 رۆژنامەڤان لە سووریا کوژراون، لە ساڵی 2003ـەوە بە لانیکەم 189 رۆژنامەڤان لە عێراقدا کوژراون. دەیان کەسیش هەروەها ناچارکراون رووبکەنە تاراوگە. لەکاتێکدا زۆربەی رۆژنامەڤانە ونبووەکان ئەوانەن لە وڵاتی خۆیاندا دیارنەماون و سووریا زۆرترین ژمارەی رۆژنامەڤانی بیانی تێدا ونبووە. 
 
CPJ دەڵێت، بە بەردەوامی داوای لێکۆڵینەوەی کردووە لەسەر ئەو بێسەروشوێنکردنانە، لەوانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە کاتی ئەرکی نێونەتەوەییدا. بەشی تەنگانەی سی پی جەی ئامۆژگاریی سەلامەتی پێشکەش دەکات و یارمەتی رۆژنامەڤانان دەدات، لەم دواییانەشدا یارمەتیی نزیکەی 60 رۆژنامەڤانی سووری و خێزانەکانیانی داوە لە دۆخی مەترسیدار دەرباز ببن و لە ئەوروپا نیشتەجێ ببن.