یەکەم کۆچبەر لە بەریتانیاوە دیپۆرتی رواندا کرا


رووداو دیجیتاڵ

بەریتانیا یەکەم پەناخواز دەنێرێتە رواندا کە هاووڵاتییەکی ئەفرقییە. بەگوێرەی میدیای بەریتانی، لەسەر رەزامەندیی خۆی و لە بەرامبەر 3750 دۆلار رازیبووە دیپۆرتی وڵاتە ئەفریقییەکە بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە هاووڵاتییە ئەفریقییەکە بە فڕۆکەیەک لە کیگالی پایتەختی رواندا دابەزێندرا، برایە یەکیک لەو هۆتێلانەی بۆ پەناخوازان ئامادەکراوە.
 
ناردنی پەناخوازەکە بۆ وڵاتە ئەفریقییەکە، تەنیا دوو رۆژ دوای تێپەڕاندنی پڕۆژەی گەشەپێدانی نێوان بەریتانیا و رواندا دێت کە تاوەکو کۆتایی 2023 لەندەن بڕی 240 ملیۆن دۆلاری دایە کیگالی لە بەرامبەر وەرگرتنی کۆچبەرە دیپۆرتکراوەکان. تەواوی پارەکەش 370 ملیۆن پاوەند دەبێت لە ماوەی پێنج ساڵ خەرج دەکرێت.
 
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کەمپەینێکی گەورەی بۆ رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەران بە بەلەمە بچووکەکان دەستپێکردووە، پێش ئەو، دوو سەرۆکوەزیرانی دیکە هەوڵیانداوە بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
 
گەیشتنی کۆچبەران بە بەریتانیا بە بەلەمە بچووکەکان لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا ژمارەی پێوانەیی شکاند. لە 1ی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 27ی نیسان، 7167 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا، لە یەک هەفتەشدا 902 کۆچبەر.
 
ئەمە لەکاتێکدا لە چوار مانگی یەکەمی 2023دا 5745 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک گەیشتنە بەریتانیا، زۆرترینیش بەرلەمە لە ساڵی 2022 بوو کاتێک لە چوار مانگی یەکەمدا 6691 کۆچبەر گەیشتنە بەریتانیا.
 
ژمارەیەکی زۆر لەو کۆچبەرانەی بەم دواییانە دەگەنە بەریتانیا، لە ترسی گرتن و ناردنیان بۆ رواندا دەڕۆنە ئایرلاند.
 
سوناک دەڵێت: راکردنی کۆچبەران بۆ ئایرلاند ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی سیاسەتی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا سەرکەوتوو بووە.
 
رۆیشتنی کۆچبەران بۆ ئایرلاند بەرپرسانی وڵاتەکەی نیگەران کردووە، هەر بۆیە دوبلین رایگەیاندووە سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایێکن کە ئەگەر پەرلەمان تێیپەڕێنێت، هەر کۆچبەرێک داوای مافی پەناخوازێک لە بەریتانیاوە بێت دەگەڕێندرێتەوە بەریتانیا.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دادی ئایرلاند، 80٪ی ئەو پەناخوازانەی لە رێگەی وشكانییەوە گەیشتوون بە وڵاتەکە، لە بەریتانیاوە هاتوون.