بەشێکی کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەوام دەکەنە چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا؛ 'رۆژێکی هەفتە مەساژ دەکەین'

 
رووداو دیجیتاڵ

کارمەندانی کۆمپانیای 'رادیۆشۆپ' لە باشووری فەرەنسا، لەوەتەی دەوامیان کراوەتە چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا، دڵخۆشتر دیارن. دامەزرێنەری کۆمپانیاکەش دەڵێت، "هەموو پێنجشەممەیەک مەساژ دەکەی."
 
کۆمپانیاکە لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری کار دەکات، بەڵام بۆئەوەی کارمەندەکانی سەرنج بخەنە سەر کرۆکی کارە گرنگەکان و باشترین بەرهەم پێشکێش بکەن، لەپاڵ کەمکردنەوەی دەوام لە 35 کاژێر بۆ 32 کاژێر لە هەفتەیەکدا، هۆڵی وەرزشیان بۆ دابینکراوە و هەموو پێنجشەممەیەکش مەساژی خۆڕاییان بۆ دەکرێت.
 
تۆماس بێرگێرۆت، دامەزرێنەری رادیۆشۆپ دەڵێت، "لە کاردا زیاتر لە هەموو شوێنێک کات بەسەردەبەین، بۆیە سەلامەتیی خۆمان و کارمەندانمان و هی خۆشم لە هەموو شتێک گرنگترە. راستە دەمێکە هەوڵدەدەین چەندین شت بکەین بۆئەوەی هەست بە باشی بکەین، ئینجا لە ئۆفیس بێت یاخود لە کار، هەموو پێنجشەممەیەک مەساژ دەکەین. تیپێکمان دامەزراندووە بەناوی سکوادی خۆشی کە لە سێ یاخود پێنج کەس پێکهاتوون و هەموو شەش مانگ جارێک دەسوڕێتەوە و جۆرێکن لە بەڕێوەبەری دڵخۆشی."
 
ژمارەیەک کۆمپانیا لە فەرەنسا سیاسەتی نوێی کارکردنیان گرتووەتەبەر و ناویان ناوە، "کەمتر کار بکە و خۆشتر بژی."
 
هەموو ئەو کارمەندانەی سوودمەندن لە دەوامی چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا، دەرفەتی گەشت و گەڕانیان زیاترە و کارەکانی ماڵەوە باشتر رایی دەکەن، لە دەوامیش سەرنجیان تەنیا لەسەر کارە لەپێشینەییەکانە.
 
ساندرین دا سیلڤا، بەڕێوەبەری دارایی لە رادیۆشۆپ ئاماژە بەوە دەکات، "کاتی بەتاڵمان کەمترە. جاران کاتی زیاترمان بەفیڕۆ دەدا. سەرنجی کەمترمان دەخستە سەر شتە گرنگەکان یاخود ئەو شتانەی کە بەو جۆرە پێویستیان بە کات بەفیڕۆدان نەبوو. ئێستا بەرهەمدارترین، بەڵام دەبێت 35 کاژێر هەفتانەی خۆت لە 32 کاژێردا جێ بکەیتەوە."
 
هەرچەند بۆ کاتی کورتخایەن چەند کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە فەرەنسا دانیان بەوەدا ناوە هەفتەی چوار رۆژ کارکردن سوودی دوو لایەنەی هەیە، بەڵام توێژەرێکی کۆمەڵایەتی بەناوی ناتالی هۆشداری دەدات کە لەوانەیە لە کاتی درێژخایەندا کار بەسەر کارمەندان کەڵەکە ببن و سەربکێشێت بۆ کەمیی بەرهەم و زۆریی گوشار و دڵەڕاوکێ.