سەرۆکوەزیرانی فینلاند بۆ رووداو: چەند رۆژێک ماوە و وڵاتەکەمان دەبێتە ئەندام لە ناتۆ


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی فینلاند بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم کە ئێمە زۆر نزیکین لە کۆتاییهاتنی داواکارییەکەمان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ، ئێستا پرسەکە تەنیا بۆ چەند رۆژێک ماوە و وڵاتەکەمان دەبێتە ئەندام لە ناتۆ."
 
سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ئێمە هەموو هاوپەیمانێتییەک بەهێز دەکەین. هێزێکی سەربازیی بەهێزمان هەیە. لە فینلاند زۆر توانامان هەن، ئێمە ناتۆ بەهێز دەکەین. بە بڕوای من، فینلاند و هەروەها سوێدیش ئەندامی بە نرخی ناتۆ دەبن لە داهاتوودا."

 

لەدوای چەند مانگێک لە دواخستن، دواجار، پێنجشەممە، 30-03-2023، پەرلەمانی تورکیا رەزامەندی لەسەر ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ دەربڕی. بەوەش، ئەو ئاستەنگەی لەبەردەم فینلاند بوو هەڵگیرا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی هاوپەیمانییە بەرگرییەکە. 
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە بنکەی هاوپەیمانێتییەکە لە برۆکسل کۆببنەوە و چاوەڕواندەکرێت ئەوکات ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆدا بەشێوەیەکی فەرمی رابگەیێندرێت. 
 
رۆژی هەینی، 31ـی ئاداری 2023، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە تویتێکدا نووسی: "چاوم لەوەیە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، ئاڵای فینلاند لە بنکەی ناتۆ هەڵبدەین. بەیەکەوە بەهێزتر و سەلامەتترین". 
 
لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی پاردا، هەریەک لە سوێد و فینلاند رێچکەی چەند ساڵەی بێلایەنییان شکاند و لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا هەردوو وڵاتەکە بەشێوەیەکی فەرمیی داواکاریی ئەندامبوونیان پێشکێشکرد. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند
 
رووداو: لەوانەیە سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مانگی نیساندا بە ئەندامبوونی فینلاند قبووڵ بکات و فینلاند ببێتە ئەندام، داهاتووی وڵاتەکەت لەگەڵ رووسیا کە دراوسێتانە چۆن دەبینیت؟
 
سانا مارین: من زۆر دڵخۆشم کە لە هەنگاوەکانی کۆتایی بوون بە ئەندام لە ناتۆ نزیک دەبینەوە، تەنیا پرسی چەند رۆژێکە کە فینلاند ببێتە ئەندام، ئێمە ناتۆ بەهێزتر دەکەین، ئێمە سوپایەکی بەهێزمان هەیە و توانستیان زۆر باشە بەمەش ناتۆ بەهێزتر دەکەین، پێموایە سوێدیش بە هەمان شێوە، ئەندامی بە بەهای ناتۆ دەبین لە داهاتوو.