رووداو دیجیتاڵ
هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا رایگەیاند، دوو حەشارگەی داعشیان لە نزیک قەزای بێجی بۆردوومان کردووە.
هێزی ئاسمانیی شاهانە ئاشکرای کرد، 24ی مانگی کانوونی دووەمی 2021 لە رێگەی دوو فڕۆکەی تایفوون ئێف جی ئاڕ فۆڕ ئێسەوە بۆردوومانەکەی کردووە و بە مووشەکی بە لێزەر ئاراستەکراو دوو ئەشکەوتی کردووەتە ئامانج کە چەکدارانی داعش خۆیانیان تێدا حەشار داوە.
هێرشەکە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی بەرگریی عێراق کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای داعشی راگەیاند کە هاوکات جێگری خەلیفە و والیی رێکخراوە پەڕگیرەکە بوو لە عێراق.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، 24ی مانگی کانوونی دووەمی 2021 فڕۆکەیەکی سیخوڕیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ژمارەیەک چەکداری لەو دوو ئەشکەوتەدا دۆزیوەتەوە و فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا هێرشی کردووەتە سەریان.
هەر لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، دوو ئەشکەوتەکە نزیکەی دوو کیلۆمەتر و نیو لە یەکدییەوە دوورن و فڕۆکەوانانی هەردوو فڕۆکە جەنگییە بەریتانیەکە پێش ئەوەی هێرشەکە بکەن، چاودێریی ناوچەکەیان کردووە. دوای ئەوەی کە زانیویانە خەڵکی مەدەنیی لێی نییە، هێرشەکەیان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەدات، چوار مووشەکی بە لێزەر ئاراستەکراو بە وردی هەردوو ئامانجەکەیان پێکاوە، بەڵام ئاشکرای نەکردووە کە چەند چەکداری داعش کوژراون یان بریندار بوون.
ئەمە یەکەمین هێرشە هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا لە دوای هێرشەکەی 6ـی تشرینی یەکەمی 2020ـەوە کردبێتی کاتێک ژمارەیەکی چەکداری داعش لە بیابانی ئەنبار هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و، هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا لە چوارچێوەی کاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا چەکدارەکانی ئەو رێکخراوەی بۆردوومان کرد.
نیسانی ساڵی 2020 بە هەمان شێوە دوو فڕۆکەی جۆری تایفوونی ئەو هێزە بەریتانییە شەش ئەشکەوتی لە نزیک بێجی کردە ئامانج کە لە لایەن داعشەوە وەکو حەشارگە بەکاردەهێنران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ