13 کۆچبەری مەغریبی لە دەریای نێوەڕاستدا خنکان
رووداو دیجیتاڵ
بەلەمێکی کۆچبەرانی مەغریبی لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای نێوەڕاستدا بە 45 کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستدا.
رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2022، میدیای فەرمیی مەغریب رایگەیاند، بەلەمێک بە 45 کۆچبەرەوە هەوڵیداوە لە باکووری بەغریبەوە بە دەریای نێوەڕاستدا خۆی بگەیێنێتە دوورگەی لاپاڵمای ئیسپانیا. بەلەمەکە 10 خولەک دوای ئەوەی کەناراوەکانی شارۆچکەی میرلێفتی باکووری وڵاتەکەی جێهێشتووە، "خۆی بە بەردێکدا کێشاوە و نقومبووە".
بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە، کۆچبەران بەلەمی چووپیان بەکارهێناوە و 24 لەو کۆچبەرانە رزگارکراون. یەکێک لەوانەی خنکاوە ژنێک بووە و هەشت کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە، تێچووی گەشتکردن بە بەلەم لەنێوان مەغریب بۆ ئیسپانیا، 1,900 دۆلار بۆ 2,400 دۆلارە.
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022دا رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کامینادۆ فرۆنتێراسی ئیسپانی رایگەیاند، لە سەرەتای 2018ـەوە لانیکەم 11 هەزار و 200 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. گوتیشی کە تەنیا لە رێگەی نێوان مەغریب و دوورگەکانی کەناریدا، 7,692 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی وەزارەتی نێوخۆی ئیسپانیاش، لە ساڵی 2022دا لانیکەم 27 هەزار و 789 کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتەوە کە 15 هەزار و 742 کەسیان گەیشتوونەتە دوورگەکانی کەناری، لەنێویدا دوورگەی لاپاڵما.