بەریتانییەكان منداڵان دیزاین دەكەن

رووداو- ئاژانسەكان

پسپۆڕانی بەریتانی پرۆژەیەكیان داوەتە پەرلەمانی وڵاتەكەیان تا دەنگی لەسەر بدەن، بەپێی ئەو پرۆژەیە رێگا دەدرێت لە هەندێك حاڵەتدا منداڵ سیفەتی بۆماوەیی لە پیاوێك و دوو ژنەوە وەربگرێت.

لەباری ئاساییدا، لە ئەنجامی یەكگرتنی تۆوی پیاو و هێلكەی ئافرەت، هێلكەیەكی پیتێنراو دروست دەبێت كە تاكە خانەیەكە و بە یەكسانی سیفەتی بۆماوەیی هەریەك لە دایك و باوكی تێدایە.

بەپێی پرۆژە نوێیەكە، رێگە بە زانایان دەدرێت (مایتۆكۆندریا)ی وەرگیراو لە دایكەكە لە خانەی منداڵەكە دەربهێنرێ و لەبری ئەوە مایتۆكۆندریای ژنێكی بەخشەری بۆ دابنرێت. لەگەڵ گواستنەوەی مایتۆكۆندریاكەدا هەندێك سیفەتی بۆماوەیی ژنە بەخشەرەكە بۆ منداڵەكە دەگوازرێنەوە. بەوجۆرە منداڵەكە سیفەتی دایكی و باوكی و ژنە بەخشەرەكەی تێدا دەبێت.

ئەم گۆڕانكارییە لەو منداڵانەدا دەكرێت كە مایتۆكۆندریاكانی دایكیان ناتەواون و بەو هۆیەشەوە لە ئایندەدا ماسولكەكانیان دەپووكێنەوە و تووشی چەندین گرفتی جەستەیی و هزری دەبن، بەڵام بە دانانی مایتۆكۆندریایەكی تەندروست لە كەسێكی بەخشەرەوە ئەو گرفتانەیان لە ئایندەدا تووش نابێت.

پێشبینی دەكرێت بەر لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی بەریتانیا لە ئایاری 2015 دا، پەرلەمانی بەریتانیا ئەو پرۆژەیە پەسەند بكات و بە یاسایی بكات، هەرچەندە هەندێك لە زانایان ئەمە بە كارێكی "نائەخلاقی" دەبینن و دەڵێن رێگاخۆشدەكات بۆ ئەوەی لە ئایندەدا "منداڵی دیزاینكراو" پەیدا ببن.