بارسێلۆنا پێویستی بەچەند پارە هەیە بۆ لەدەستنەدانی ئۆلمۆ؟


رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا جەنگی کات دەکات، لەپێناو تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ، یاریزانی یانەکە لە لیستی تیپەکەدا، بەرلەوەی بگاتە کاژێر 12ی ئەمشەو بەکاتی ئیسپانیا.
 
ئۆلمۆ کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بەبارسێلۆناوە کرد، تاوەکو ئێستا وەک یاریزانی بارسێلۆنا لە لالیگا تۆمارنەکراوە، ئەمەش لەبەرئەوەی بەپێی یاسای یاریی خاوێن، بارسا نەیتوانیوە پارەی پێویست دابینبکات بۆ تۆمارکردنی ئەو یاریزانە لە لیستەکەیدا، بەبێ لادان لە یاساکانی بنمیچی مووچە.
 
بارسێلۆنا پێویستە بەر لە کۆتایی هاتنی ئەمڕۆ، ئەو یاریزانە لە لیستەکەیدا تۆماربکات و ئەگەر نەتوانێ ئەو کارە بکات، رۆژی دواتر بۆی هەیە ئەو یاریزانە لەدەستبدات، بەتایبەت کە ئۆلمۆ خاڵێک لە گرێبەستەکەیدا هەیە کە رێگەی رۆیشتنی لە یانەی بارسێلۆنا پێدەدات لەماوەی گواستنەوەی زستانەدا، ئەگەر ناوی لە لیستی یانەکەدا تۆمار نەکرێت.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یانەی بارسێلۆنا پێویستی بەبەدەستهێنانی بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ هەیە لە چەند کاژێری ماوەی رۆژەکەدا، بۆ ئەوەی بتوانێت ئۆلمۆ تاوەکو کۆتایی وەرز، وەک یاریزانی یانەکە تۆمار بکات، ئەوەش پەیوەندی بە بەهای بەشێک لە پارەی نەگەیشتووی فرۆشتنەوەی ستۆدیۆکانی بارسێلۆنا هەیە لە 2022 کە بەرامبەر 200 ملیۆن یۆرۆ ئەنجامدراوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، بارسا ئەو پارەیەی ستۆدیۆکانی وەرگرتووە، ئێستا دەیەوێت لە رێگەی فرۆشتنەوەی کورسییەکانی ڤی ئای پی، لە نێو یاریگەی کامپ نۆ، بۆ ماوەی 20 ساڵی داهاتوو، بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پەیدا بکات.
 
'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' هەروەها دەڵێ، بارسا هەوڵیداوە بەر لە دوو ساڵ، لە رێگەی فرۆشتنەوەی بەشێک لە داهاتی گواستنەوەی یارییەکان،بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ پەیدا بکات، بەڵام ئەوکات تەنیا 20 ملیۆنی وەرگرتووە و هاوینی 2023ش بەهەمان شێوە هەمان بڕە پارەی وەرگرتووەتەوە جارێکی دیکە.
 
بارسا هەنگاوی دیکەشی ناون بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی، لەوانەش گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای ئارامارک لە هاوینی 2024 و دەستکاریکردنی مووچەی ژمارەیەک یاریزان و کەمکردنەوەی کۆی مووچەی دراوە بە یاریزانان، لە رێگەی فرۆشتن و کڕینی هەندێک یاریزانی دیکە.
 
ئەوەی کێشەی بۆ بارسێلۆنا دروستکردووە پەیوەندی بە وەرگرتنی پارەی فرۆشتنی ستۆدیۆکانی یانەکە هەیە، کە بارسا دووجار 60 ملیۆن یۆرۆی وەرگرتووە، بەشی سێیەمی پارەکەش لە هاوینی 2025 وەردەگرێت، لە کاتێکدا دەبوو تاوەکو ئێستا ئەو بڕە پارەیەی وەرگرتبێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، بارسا لەم کاتەدا ناتوانێت یاریزان بفرۆشێت، تاوەکو 60 ملیۆن یۆرۆکە دابین بکات، لەبەرئەوەی هێشتا بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان نەکراوەتەوە، هەربۆیە تەنیا دوو بژاردەی دیکە لەبەردەم یانەکەدا هەیە، یان بوژێنەرەوەیەکی دیکەی ئابووری، وەک ئەوەی کە یانەکە دەیەوێت بیکات بەفرۆشتنی کورسییەکانی ڤی ئای پی. یان دەبێ یەکێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە، دەستەبەرێک بخاتە روو کە توانای بەردەستخستنی 60 ملیۆن یۆرۆی هەیە.
 
لە دوایین هەوڵی بارسادا بۆ تۆمارکردنی ئۆلمۆ، یانەکە لە دادگای سەرەتایی ئیسپانیا، داوای تۆمارکردنی ئۆلمۆی کرد، بەشێوەی ئاوارتە، بەڵام دادگا داواکەی رەتکردەوە و ئێستا تەنیا رێگەی بەردەمی یانەکە، دابینکردنی 60 ملیۆن یۆرۆیەکەیە.