ڤیدیۆ؛ لە 2024 رووداو رووماڵی چەندین بۆنە و پاڵەوانێتیی گەورەی جیهانی کرد

رووداو دیجیتاڵ

وەک هەر ساڵێکی دیکە، 2024یش بۆ دێسکی وەرزشی رووداو، ساڵێکی پڕ کار و داهێنان و رووماڵی رووداوی گەورەبوو لەسەر ئاستی کوردستان.
 
سەرەتای ساڵی 2024 لە قەتەر، رکابەرییەکانی جامی ئاسیا بەڕێوەچوون، رووداو وەک میدیایەکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، بەستافێکی گەورەوە رووماڵێکی گەورە و ناوازەی بۆ رووداوەکانی ئەو پاڵەوانێتییە کرد و وردەکارییەکانی بۆ بینەرەکانی گواستەوە.
 
لە ماوەی 33 رۆژی پاڵەوانێتییەکەدا، تیمی رووداو جیا لەوەی رۆژانە بولتەنێکی یەک کاژێریی لە دەوحە و شارەکانی دیکەی قەتەرەوە پێشکێشی بینەرانی کرد و ورد و درشتی ئەو رووداوە گەورەیەی بۆ بینەرانی گواستەوە، چەندین ئەستێرە و یاریزانی گەورەی پاڵەوانێتییەکەش لەسەر شاشەی رووداو دەرکەوتن و لێدوانی جیاوازیان هەبوو.
 
ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکانی ئاسیا، لە هیونگ مین سۆنەوە، تاوەکو میتۆما، هەروەها موسا تەعمەری، ئەیمەن حوسێن و چەندانی دیکە لێدوانی جیاوازیان بۆ رووداو هەبوو.
 
رووماڵەکەی رووداو بۆ رووداوە کیشوەرییەکە هەروەها لەگەڵ هاندەرانی کورد بوو لە جامی ئاسیا.... پاشان هاندەرانی سەرجەم هەڵبژاردە بەشدارەکانی دیکە کە دەنگ و رەنگ، خۆشی و ناخۆشییەکانی هەمووانی گواستەوە.
 
لە دوای ئاسیا، ئەمجارەیان رووداو پەڕییەوە بۆ ئەورووپا و لەوێ کارکردن بۆ گواستنەوە و رووماڵێکی مێژوویی یۆرۆی 2024 دەستیپێکرد.
 
دڵنیا رەحمان گەیەنەری دەنگ و کاردانەوەی هەموو هاندەرانی تۆپی پێ بوو لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکەدا، رووداویش وەک هەمیشە لە پێشەنگی هەمووان مایەوە.
 
لە یۆرۆدا، رووداو کەرنەڤاڵێکی ناوازەی بۆ بینەرەکانی رێکخست، لە رێگەی چەندین بەرنامەی جیاوازەوە، لەنێویاندا، بەرنامەی ستۆدیۆی یۆرۆ کە چەندین شرۆڤەکاری بەناوبانگ و کاریگەری تۆپی پێی کوردستان بەشدارییان تێداکرد و شرۆڤەی رۆژانەی یارییەکانیان کرد.
 
ستۆدیۆی یۆرۆ، هەموو شەوێک بینەرانی دەبردەوە نێو وردەکارییەکانی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی لە پاڵەوانێتییەکەدا روویاندا، لە میانی شەوانی یۆرۆردا، هەزاران هاندەری هەڵبژاردە جیاوازەکان لە ستۆدیۆی رووداو لە ئیسکانی هەولێر کۆبوونەوە و لە شاشەیەکی گەورەوە بینەری یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بوون.
 
لە یۆرۆدا، رووداو بەهاوکاریی ژمارەیەک کۆمپانیای سپۆنسەر، پاڵەوانێتییەکەی بۆ هاندەرەکانی کردە جەژنی بەدەستهێنانی خەڵاتە جیاوازەکان، هەر لە لیرەی رووداوەوە تاوەکو تەلەڤزیۆن، چەندین کەلوپەلی ناوماڵ و لە کۆتاییشدا بینەرێکی رووداو لە سۆران بووە براوەی خەڵاتی گەورەی پاڵەوانێتییەکە کە ئۆتۆمبێلێک بوو.
 
ستۆدیۆی یۆرۆ، هەروەها هەلی دەرکەوتنی بەسەدان گەنج بەخشی، ئەمە جیا لەوەی دەیان کەسایەتی و هونەرمەند، ئەکتەر و وەرزشڤان لە بەرنامەکەدا دەرکەوتن.
 
شەوی کۆتایی یۆرۆی 2024 شەوێکی ناوازە و جیاوازبوو، چونکە لەو شەوەدا هەردوو پاڵەوانێتیی یۆرۆ و کۆپا ئەمێریکا، یاریی کۆتاییان تێدا ئەنجامدرا و ستۆدیۆکەی رووداو لە ئیسکان، تا بەیانیی رۆژی دواتر، جیا لە گواستنەوەی راستەوخۆی رووداوەکە و شرۆڤە و خوێندنەوەی هەردوو یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، بووە شوێنی ئاهەنگگێڕانی هەزاران هاندەری هەڵبژاردەکانی ئیسپانیای براوەی نازناوی یۆرۆ و ئەرجەنتینی براوەی نازناوی کۆپا ئەمێریکا.
 
لەگەڵ دەستپێکی رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس، کە ئەویش هەر لە هاوینی 2024دا بوو، دێسکی وەرزشی رووداو بەهاوکاریی کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر، بەبەشداری کونسوڵی فەرەنسای میوانداریکەری ئۆڵیمپیادەکە و چەندین وەرزشڤانی میوان، پڕۆگرامێکی تایبەتی سێ کاژێریی لەبارەی سەرجەم وردەکاریی و رووداوەکانی ئۆڵیمپیادەکە و مێژووەکەی ئەنجامدا.
 
ئامادەبووان و بەشدارانی ئەو پڕۆگرامە، لە کەسایەتییە دیارەکانی وەرزش و شارەزایانی یارییە ئۆڵۆمپییەکان، بۆچوون و سەرنجی خۆیان لەسەر رووداوەکە خستە روو و بینەرانیش کاردانەوەی گەورەیان لەگەڵ پڕۆگرامەکەدا هەبوو.