ڤیدیۆ؛ پانۆرامای وەرزشیی کوردستان لە 2024: ئاکرێ پاڵەوان بوو

رووداو دیجیتاڵ

رووداوەکانی ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان سەرنجڕاکێش بوون و وەرزشوانانی کوردستان توانییان ئەسپی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەر تاودەن. 
 
لەسەر ئاستی یانەکانی کوردستان، یانەی دهۆک وەک نوێنەری عێراق بەشداری یەکەمین پاڵەوانێتیی یانەکانی کەنداوی کرد، تیپەکە رکابەرییەکی بەهێزیکرد لە جامەکەدا.
 
لە خولی نایابی کوردستاندا، یانەی ئاکرێ بۆ یەکەمجار نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا، پاشئەوەی وەرزێکی پڕ لە رکابەریی و ئاستی بەرزی پێشکێشکرد.
 
ئەنجامە خراپەکانی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، وایکرد دەنگی نارەزایەتی هاندەرانی ئەو یانەیە بەرز بێتەوە، ئەمەش وایکرد دەستەی کارگێری دوور بخرێنەوە و دەستەیەکی کارگێری کاتی لە شوێنی ئەوان دەستبەکاربن.
 
یانەی هەندرێن کە چەند وەرزێکە ئەنجامەکانی لە خولی نایابی کوردستان باش نین، لە جامی کوردستان تیپەکە توڵەی ئەنجامە خراپەکانی خولەکەی کردەوە و نازناوی جامی کوردستانی بەدەستهێنا.
 
یانەی پیشەسازی وەرزێکی زێرینی هەبوو، کاتێک بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، وەک پاڵەوانی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، خۆی گەیاندە ریزی یانە نایابەکانی کوردستان.
 
خانمانی یانەی ئەکاد عەنکاوە بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک، جامی پاڵەوانێتیی بالەی عێراقیان بەدەستهێنایەوە. هەر لە ئاستی خانمان یانەی غازی شیمال نازناوی پاڵەوانێتیی باسکەی کچانی عێراقی بەدەستهێنا و بەشداری پاڵەوانێتیی باسکەی وڵاتانی عەرەبی کرد. 
 
لە ساڵی 2024دا، هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ وەرزشوانانی وڵاتانی دەرەوە کردەوە، پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە هەولێر لەگەڵ پاڵەوانێتییەکانی پەڕەگلایدەری عەرەبی و پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیی پەڕەگلایدەر لە کوردستان بەڕێوەچوون.
 
تیپی بالەی یانەی هەولێر بە راهێنەر و پێکهاتەی یاریزانانی کورد، پلەی دووەمی لە خولی یانە نایابەکانی عێراق بەدەستبهێنا و لە ساڵی نوێدا بەشداری پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبی لە قەتەر دەکات. 
 
ئەستێرە کوردەکان پێگەیەکی گرنگیان لە هەڵبژاردەی عێراق و بەشداریکردنیان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و جامی نەتەوەکانی ئاسیا هەبوو، هەریەک لە ئوسامە رەشید، یوسف ئەمین، هەڵۆ فایەق، مێرخاس دۆسکی لەگەڵ ئەحمەد یاسین بەشێوەیەکی بەردەوام درێسی هەڵبژاردەکەیان پۆشی.
 
فەرهاد نەریمان، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵی شاری مەهاباد، لە 2024دا دەسکەوتێکی جیهانیی نووسییەوە و ناوی چووە کتێبی گینس، دوای ئەوەی توانایەکی زۆری لە کاتی یاریکردن بە تۆپ و شیکردنەوەی وەڵامی پرسیارەکانی لیژنەی کتێبی گینس پێشاندا.  
 
لە کۆتاییەکانی 2024دا، بڕیاردرا یانەی هەولێر هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێڕییەکەی بکات، پاش دەرکەوتنی دیارترین بەربژێرەکان بۆ دەستەکە و چەند کاژێرێکی کەم بەر لە بەڕێوەچوونی کاتی هەڵبژاردنەکان، بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە هەڵوەشێنرایەوە و هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا.