کریستیانۆ لە 2023 ساڵێکی سەرکەوتووی بەڕێکرد و ئەستێرەکانی بردە سعودیە

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ماڵئاوایی لە ساڵێکی سەرکەوتوو دەکات بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتەیشی لە دوالاپەڕەکانی مێژووی ئەفسانەیی خۆیدا بنووسێتەوە.
 
پەنجا و چوار گۆڵ و سەرکەوتن لەگەڵ یانەکەی و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ناونیشانی رۆناڵدۆن لە ساڵی 2023، بەمەش لاپەڕەی ساڵە سەختەکەی 2022ـی داخست، و فێری ئەوەبوو "چێژ لە ساتەوەختی ئێستای وەربگرێت"، وەک ئەوەی خۆیشی ئەوەی پشتڕاستکردەوە.
 
ئەوە دروشمی نوێی کریستیانۆیە لە دوای کێشەکانی لە مانچێستەر یونایتد، و لە کاتی مۆندیالی 2022ـی قەتەر کە وایلێکرد باوەڕی بەوە هەبێت کە ژیان دەبێت لە دەوری ساتەکەی ئێستادا بسوڕێتەوە.
 
کریستیانۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا رایگەیاند، ژیان دینامیکە و نازانیت چی روودەدات، پێویستە چێژ لە ساتەکە وەربگرێت.
 
بۆ دۆنی تەمەن 38 ساڵ، قۆناخی ئێستای ژیانی زیاترە لە ئەرێنی.
 
گواستنەوەی بۆ شانشینی سعودیە، کە لە پێش دوایین رۆژی ساڵی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەسڕ واژۆکرد، جێگەی گومان و رەخنە بوو، بەڵام لە کۆتاییدا دەرگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەڕووی ئەستێرە بەنێوبانگەکانی وەک کەریم بنزیما و نەیمار و ئەوانی دیکەدا کردەوە.
 
دوای دەستپێکردنێکی تا راددەیەک ناڕوون لە ریاز، کریستیانۆ ئاست و باڵانسی خۆی بەدەستهێنایەوە و لە 2023 پەنجا و چوار گۆڵی تۆمارکرد، و بووە خاوەن نازناوی باشترین گۆڵکاری ساڵ.
 
مووشەکی مادێرا لە 2023 بەردەوام بوو لە شکاندنی ژمارە پێوانەییەکان، چونکە لە مانگی ئازاردا بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی هەڵبژاردەی پۆرتوگالدا، کە زۆرترین یاریی نێودەوڵەتی ئەنجام بدات، کە 197 یاری بوو، و ئێستا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 205 یاری.
 
کریس ئەوکات گوتی "ریکۆرد؟ با بچین بەدەستیبهێنین، با بڕۆین! من حەزم لە شکاندنی ریکۆردەکانە. هەروەها شتێکی تایبەتە، بۆ ئەوەی خاوەنی زۆرترین یاریی نێودەوڵەتی بم لە مێژووی هەڵبژاردەکەماندا، دەبێت دان بەوەدا بنێم کە ئەمە شتێکە وا دەکات هەست بە شانازییەکی زۆر بکەم". 
 
خاوەنی درێسی ژمارە 7 یەکێک بوو لە پاڵەوانەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە گەشتەکەیدا لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیا، کە بە باشترینە لە مێژووی بەرازیلی ئەوروپادا.
 
کریس بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ، دووەم باشترین گۆڵکاری پاڵاوتنەکان بوو، لە دوای رۆمیلۆ لۆکاکۆی بەلجیکی کە 14 گۆڵی تۆمارکرد.
 
کریستیانۆ لە ساڵی داهاتوودا رووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری دەبێتەوە کە بریتییە لە یۆرۆی 2024، کە ئەگەرچی یاریزانی پێشووی ریال مەدرید کەم ئاماژەی لەسەر داهاتووی خۆی داوە، بەڵام زۆر لە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم پاڵەوانێتییە ئەوروپییە دوا رکابەریی گەورە دەبێت لە ژیانی وەرزشیی هێرشبەرە تەمەن 38 ساڵەکەدا.
 
ئەمە شەشەم جامی یۆرۆی لەسەریەک دەبێت بۆ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، یەکەم پاڵەوانێتیش بە فرمێسکی کریستیانۆی لاو کۆتایی هات، کاتێک لە شاری لیشبۆنە یاریی کۆتایی بەرامبەر یۆنان دۆڕا.