ریال مەدرید هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی باڵۆن دۆری 2024 بۆ مەدرید دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدرید پلانێکی داناوە بۆ ئەوەی رۆدری، یاریزانی ئیسپانی یانەی مانچێستەر سیتی، براوەی باڵۆن دۆری 2024 لە وەرزی داهاتوودا بگوازێتەوە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
رۆدری لەم هەفتەیەدا بووە جێگەی باس و خواسی هەموو میدیاکان، دوای ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە، لە کاتێکدا هەموو پێشبینییەکان دەیانگوت ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی بەرازیلی یانەی ریال مەدرید بەدەستدەهێنێت، ئەمەش کارگێڕیی مێرێنگی تووڕەکرد و بڕیاریاندا بایکۆتی رێوڕەسمی باڵۆن دۆر بکەن، کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەرێوەچوو. هەروەها هێرشێکی تووندی کردە سەر بەڕێوەبەرایەتی گۆڤاری فرانس فووتبۆڵی فەرەنسی، کە خەڵاتەکە دەبەخشێت.
هەروەها دواتر ڤیدیۆیەکی ئەستێرەی مانچێستەر سیتی بڵاوبووەوە کە تێیدا گاڵتە بە ڤینیسیۆس دەکات بە ئاوازی گۆرانی بەنێوبانگی "بێلا چیاو" و وشەکانی دەگۆڕێت بۆ "ماڵئاوا ڤینیسیۆس"، کە ئەمە بووە هۆی ئەوەی میدیاکانی مەدرید لێشاوێک رەخنە لە رۆدری بگرن.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، رۆژنامەی رێلیڤۆی ئیسپانی، تیشکی خستە سەر قەیرانێکی ریال مەدرید کە تایبەتە بە چوامینیی یاریزانی فەرەنسی، و روونی کردەوە کە "پێدەچێت یاریزانەکە وردە وردە پاڵپشتی لەدەستبدات، بەو پێیەی دۆخی یانەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەند هۆکارێکی بەهێز هەبن کە وادەکەن یانەکە لە چەند ئاستێکدا متمانە بە یاریزانە فەرەنسییەکە نەمێنێت، و ماوەیەکە چوامینی وەک بژاردەیەکی لاوەکی لە پێکهاتەی تیپەکەدا دەردەکەوێت.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، چوامینی دوای دوو ساڵ لە خۆگونجاندن و پێشکەشکردنی ئاستێکی باش، ئاستەکەی لەم وەرزەدا دابەزیوە و وەک یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست و وەک بەرگریکار، هەروەها هەندێکجار ناچاربووە ئەرکی زیاتر لە پێویست ئەنجام بدات، ئەمەش چەند کەلێنێکی لە ئاستەکەیدا ئاشکراکردووە، هەروەها شرۆڤە تاکتیکییەکانی یارییەکانی ئەم دواییە پرسیاری زۆر لای ستافی تەکنیکی دەورووژێنن.
راپۆرتەکە لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "ئاستی چوامینی لە ئیلکلاسیکۆدا زۆر نیگەرانکەر و ئومێدبڕ بوو، بۆیە یانەکە لە ئێستاوە دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکدا لە بازاڕی گواستنەوەکاندا، تەنانەت بەرپرسانی یانەکە لارییان نییە بۆ فرۆشتنی ئەستێرەی فەرەنسی.
لە راپۆرتەکەی رێلیڤۆدا هەروەها هاتووە "ناوی رۆدری خراوەتە سەر مێزی یانەی ریال مەدرید، هەرچەندە پێکانەکەی لە ئەژنۆیدا تا راددەیەک دابەزینی ئاستی لێ چاوەڕوان دەکرێت، کە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینگلیزی لە هاوینی ساڵی 2026 کۆتایی دێت".
رۆژنامەکە لێدوانەکانی پێشووی دانی کارڤاخال، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆی کۆپا وەبیر هەمووان دەهێنێتەوە؛ کە گوتبووی "هەموو رۆژێک بە رۆدری دەڵێم گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید بکات، چونکە ئێمە پێویستمان پێیەتی".