ئەحمەد ئیبراهیم، بۆ رووداو: دەنگۆی گەڕانەوەم بۆ هەڵبژاردەی عێراق هەیە و من ئامادەم
رووداو هەولێر
ئەحمەد ئیبراهیم، ئەستێرە و کاپتنی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، ئاشکرایکرد کە دەنگۆی بانگهێشتکردنی بۆ پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی عێراق هەیە، بەڵام گوتی "هیچ بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ نەهاتووە".
ئەم یاریزانە خەڵکی ناوچەی گەیارەی شاری موسڵە، ساڵی 1992 لەدایکبووە، بەرگریکارێکی دیار و بەئەزموونە لەسەر ئاستی عێراق، ئێستا کاپتنی یانەی زاخۆیە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی چەند هەڵەیەک لە هێڵی بەرگری تووشی دۆڕاندن بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور بوو، تیپەکە کەوتە بەر رەخنەی تووندی میدیا و شەقامی وەرزشی، ئەمەش وای لە خیسۆس کاساسی راهێنەر و هاوکارەکانی کردووە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێو هێڵی بەرگری بیر لە یاریزانی باشتر بکەنەوە، دەنگۆ و ئاماژەکان بۆ بانگهێشتکردنی ئەحمەد ئیبراهیم زۆرن.
ئەحمەد ئیبراهیم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە یاریکردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق شانازییە بۆ هەموومان، منیش هەر کاتێک بانگهێشت بکرێم ئامادەم، تەنیا جارێ گوێم لە دەنگۆکە بووە و هیچ بانگهێشتنامەیەکی فەرمیم بۆ نەهاتووە".
ئەم بەرگریکارە ساڵانێکی زۆر درێسی هەڵبژاردەی عێراقی پۆشیوە، خاوەنی 5 گۆڵی نێودەوڵەتییە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق.
ئیبراهیم زیاتر گوتی "دوو یاریی داهاتوومان قورسن و بەدڵنیاییەوە هەر یاریزانێک کە ناوی لە لیستی کاساس دا بێت، دەبێت لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت و نابێت خاڵ لە دەست بدەین".
بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەی داهاتوو خیسۆس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی لیستی ناوی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ یاریی بەرامبەر ئوردن و عومان لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ئاشکرا بکات.
رۆژی 14ـی مانگی یازدەی ئەمساڵ، هەڵبژاردەی عێراق لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە میوانداریی هەڵبژاردەی ئوردن دەکات، پێنج رۆژ دواتر لە عومان یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەحمەد ئیبراهیم، پێشتر لە ریزی یانەی هەولێر ساڵانێکی زۆر وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە یاریکردووە و نازناوی خولی نایابی عێراقی بردووەتەوە. لەگەڵ تیپەکە بەشداری جامی یەکێتیی ئاسیای کردووە، وەک یاریزانی پیشەگەر یاری بۆ یانەی وەسڵی ئیماراتی کردووە.