هالاند بەرامبەر مێسی سەرکەوت و بووە باشترین یاریزانی ئەوروپا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی بەرامبەر لیۆنێل مێسی و کیڤن دیبرۆین سەرکەوت و وەک باشترین یاریزانی ئەوروپا بۆ وەرزی رابردوو دەستنیشانکرا.
 
لە دوای راکێشانی تیروپشکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، راستەوخۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا باشترینەکانی ساڵی رابردووی خەڵاتکرد.
 
لەسەر ئاستی راهێنەران، پێپ گواردیۆلا، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو سێ نازناوی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بردەوە، بەرامبەر هەریەکە لە لۆچیانۆ سپالێتی و سیمۆنی ئینزاگی سەرکەوت و خەڵاتی باشترین راهێنەری لەسەر ئاستی پیاوان بەدەستهێنا.
 
سارینا ڤیگمان، راهێنەری هۆڵەندی و هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلتەرا، وەک باشترین راهێنەر لەسەر ئاستی خانمان دەستنیشانکرا.
 
ئایتانا بۆنماتی، خانمە یاریزانی، هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا، دوای بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ و مۆندیال لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی، بووە باشترین یاریزان لەسەر ئاستی خانمان.
 
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی و یانەی مانچێستەر سیتی، وەک باشترین یاریزان لەسەر ئاستی پیاوان دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بووە گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگ، هەرسێ نازناوی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و ئێف ئەی کەپی لەگەڵ یانەکە بردەوە.
 
هالاند دوای بردنەوەی خەڵاتەکە گوتی "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە و ناتوانم وشە بدۆزمەوە بۆ ئەوەی هەستی خۆمی پێدەرببڕم، ئەم خەڵاتە واملێدەکات زیاتر هەوڵبدەم و کار بکەم بۆ بەدەستهێنانی نازناوی زیاتر، سوپاسی هاوڕێکانم دەکەم بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی لێم دەکەن و زۆر دڵخۆشم بەبردنەوەی خەڵاتەکە."