کونسوڵی کۆریای باشوور نمایشی تایکواندۆ دەکات

رووداو دیجیتال

چۆی کوانژین، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو  رایگەیاند، پاڵپشتی تایکواندۆکارانی هەولێر دەکات بۆ بەڕێوەچوونی چەند چالاکییەک.


کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان، جیاوازتر لە رۆژانی ئاسایی لە کاتی پێشوازیکردن لە تایکواندۆکارانی هەولێر، جلی تایکواندۆی پۆشی و چەند نمایش و جوڵەیەکی یارییەکەی لەگەڵ دانا محەممەد سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی تایکواندۆی کوردستان ئەنجامدا.

چۆی کوانژین، لەبارەی دەرکەوتنی بە جلوبەرگی تایکواندۆوە، گوتی "کاتێک کە تایکواندۆ دەکەین، پێویستە جلی تایبەت بەو یارییە لەبەربکەین، هۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە جلی تایبەتی تایکواندۆ وادەکات سەرنجی یاریزانەکە بەهێزتربێت و دەتوانن بەو شێوەیە خۆیان بۆ بەدەستهێنانی رۆحیەتی تایکواندۆ ئامادەبکەن". 

ئەو زیاتر گوتی "رۆحیەتی تایکواندۆش وا لە خەڵکی دەکات لەگەڵ ئەوانی دیکە میهرەبانتر و لەگەڵ خۆشیاندا رێکوپێکتربن. جەستەی ئێمە لە هزر و گۆشت پێکهاتووە، بەڵام رۆح وەک کلیلی جەستەمانە". 

بڕیارە رۆژی 24ی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ یەکەمین پاڵەوانێتی پومسەی تایکواندۆی ئۆنلاینی کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور بەڕێوەبچێت.

کوانژین روونیشیکردەوە "ئەمساڵ دەمەوێت یەکەم کێبڕکێی تایکواندۆ بە ئۆنڵاین لە24ی  ئۆکتۆبەر رێکبخەم، لە پێگە ئەلیکترۆنییەکانمانەوە ئەوەمان راگەیاندووە، بە من گوتراوە کە زیاتر لە 4 هەزار یاریزان و قوتابی تایکواندۆ هەن، بۆیە هیوامان وایە هەموو ئەوانە بەباشی راهێنان بکەن و لە كێبڕکێکەماندا بەشداری بکەن و ئەنجام و خەڵاتی باش بەدەستبێنن".

کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان، هەروەها گوتی "دوای کۆتاییهاتنی کۆرۆناش، رەنگە ساڵی داهاتوو بۆنەیەکی زۆر گەورە رێکبخەین، بەو هیوایەین کە کێبڕکێیەکی ناوخۆیی ئەنجامدەین بە جۆرێک کە هەموو بوارە جیاجیاکانی رووبەڕووبوونەوە و نماییش لەخۆبگرێت. هیوادارم هەموو یاریزانانی کوری تایکواندۆ چاویان لەسەر پلانەکانی داهاتوومان بێت و بەشداری بکەن و چێژ ببینن".

تایکواندۆ یارییەکە، سەرەتا لە کۆریای باشوور لە ناو هێزەکانی سەربازی ئەنجامدراوە، دواتر وەک وەرزشێک بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، لە هەرێمی کوردستان دوای هاتنی هێزی سەربازی کۆریای باشوور بۆ هەولێر لە 2003دا یارییەکە پێشکەوتن و بڵاوبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی.