مێسی باڵۆن دۆر دەداتە کەریم بنزیما
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هەوادارانی یانەی ریال مەدرید تووڕە دەکات و دەڵێت "ریال مەدرید باشترین یانەی چامپیۆنزلیگ نەبوو، بەڵام نازناوەکەی بردەوە".
لیۆ مێسی لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، باسی ریال مەدرید و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی کرد و دووپاتیشیکردەوە کە کەریم بنزیما بەبێ شک و گومان باڵۆن دۆری ئەمساڵ دەباتەوە.
لیۆ سەرەتا سەبارەت بە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، قسەی کرد و گوتی "پێموایە هەڵە بچووکەکان لە پاڵەوانێتییەکاندا دەرتدەکەن، باشترین یانەکان کە ئەم بارودۆخانە لەبەرچاو دەگرن دەگەنە یاریی کۆتایی یان نازناوەکە دەبەنەوە".
ئەو باسی ریال مەدریدیشی کرد و گوتی "سەبارەت بە ریال مەدرید کە نامەوێت لە تواناکانی کەم بکەمەوە، چونکە چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە و هەمیشە لەپێناو بردنەوەی نازناوەکە تێدەکۆشێت، بەڵام باشترین تیپی ئەم پاڵەوانێتییە نەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی نازناوەکە".
لیۆ باسی رەخنەکانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیشی کرد، سەبارەت بەوەی ساڵی رابردوو باڵۆن دۆرەکە بەو نەدراوە و بە مێسی دراوە، گوتی "هاوڕانیم لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی سەبارەت بەو قسانەی لەسەر باڵۆن دۆر کردی، بەڵام گرنگی پێنادەم، ئەو چیرۆکە کۆتاییهات و بووە بە رابردوو، هەر کەس ئازادە لەوەی چی دەڵێت".
لیۆ لەوبارەیەوە زیاتر گوتی "بەڵام ئەوەی ئەوکات لەبارەی لیڤاندۆڤسکییەوە گوتم لە ناخمەوە بوو، ئەو باشترین یاریزانی ساڵی رابردوو بوو، بەڵام باشترین یاریزانی ئەو ساڵە نەبوو کە من باڵۆن دۆرم بردەوە، من ئەوەم گوتووە، ئەو ئازادە لەوەی چۆن تێدەگات".
ئەستێرەی ئەرجەنتینی، دووپاتیشیکردەوە کە بۆ ئەمساڵ کەس لە کەریم بنزیمای ئەستێرەی ریال مەدرید شایەنتر نییە بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر و گوتی "بۆ ئەمساڵ هیچ گومانێکم نییە کە کەریم بنزیما شایەنی باڵۆن دۆرە، روونە کە ئەمساڵ بنزیما ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکێشکردووە و بە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ کۆتاییپێهێنا، ئەو لە قۆناخی 16ـەوە کاراکتەرێکی گرنگ بوو بۆ تیپەکەی، بێگومانم لەوەی کە ئەمساڵ باڵۆن دۆر دەباتەوە".