ئایا هۆڵەکانی لەشجوانی دادەخرێن؟

31-03-2021
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ جارێکی دیکە بەهۆی رێککارەکانی خۆپارێزی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەرگای هۆڵەکانی لەشجوانی دادەخرێن، بڕیاری کۆتایی لەسەر داخستنی هۆڵە وەرزشییەکان دراوە و لەمڕۆوە جێبەجێدەکرێت.

دوای ئەوەی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە داخستنی دەرگای هۆڵە وەرزشییەکانی لەشجوانی و چەند شوێنێكی دیکە کرد، ئەم بابەتە بە ناڕوونی لە نێوان خەڵک و وەرزشواناندا مایەوە، پرسیاری زۆر دەربارەی شێواز و میکانیزمی داخستنەکە و کاتی داخستنی دەرگای هۆڵە وەرزشییەکان کرا.

ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەڵە تێگەیشتن هەبووە لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی داخستن یان دانەخستنی هۆڵە وەرزشییەکان، بڕیاری کۆتایی ئەوەیە کە هۆڵە وەرزشییەکان سەرجەمیان دادەخرێن و ئەم بڕیارە لە ئەمڕۆوە جێبەجێدەکرێت و دوایین وادەش بۆ داخستنی هۆڵەکان کاژێر 9ـی ئەمشەوە.

سەبارەت بە وادەی کردنەوەی هۆڵە وەرزشییەکان کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا دادەخرێن، ئاسۆ حەوێزی گوتی: بڕیاری داخستنەکە تاوەکو رۆژی 10/4 دەبێت و دواتر لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری لەسەر دەدرێت، بە درێژکردنەوەی وادەی دواخستنەکە، یان بە کرانەوەی دەرگای هۆڵە وەرزشییەکان.

بە درێژایی ساڵی رابردوو، لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان، دەرگای هۆڵە وەرزشییەکان داخران و بۆ ماوەیەکی زۆر نەکرانەوە، دواتر بە پچڕپچڕی لە شوێنە جیاوازدەکان کرانەوە و تاوەکو لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بەفەرمی و بە جێبەجێکردنی رێککارەکانی تەندروستی دەرگای هۆڵەکان بە رووی وەرزشکاراندا کرانەوە، ئێستاش لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان، بڕیاردرا هۆڵە وەرزشییەکان بە لەشجوانی و هۆڵی بۆنە وەرزشییەکان دابخرێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە