ڤیدیۆ؛ ژاپۆن بەئاسانی گەیشتە قۆناخی هەشتی جامی ئاسیا

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ژاپۆن بە ئاسانی لە بەحرەینی بردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشتی رکابەرییەکانی جامی ئاسیا.
 
لە درێژەی یارییەکانی قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە، هەردوو هەڵبژاردەی ژاپۆن و بەحرەین لەسەر یاریگەی سومامە رووبەڕووی یەکبوونەوە، ژاپۆنییەکان بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن و بە ئاسانی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەیان بردەوە.
 
سەرەتا لە خولەکی 31 ریتسو دوان گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ژاپۆن تۆمارکرد، نیوەی یەکەم تەنیا ئەو گۆڵەی بەخۆیەوە بینی.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا تاکیفوسا کوبۆ گۆڵی دووەمی سامۆرای تۆمارکرد و هەڵبژاردەکەی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 64 زیون سوزۆکی بەهەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و بەحرەینی کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم، بەڵام دوای چەند خولەکێکی کەم لە خولەکی 72 ئایێسی یوێدا گۆڵی سێیەمی بۆ ژاپۆن تۆمارکرد.
 
یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، گەیشتە قۆناخی هەشتی جامی ئاسیا و لە قۆناخی داهاتوودا رۆژی شەممە بەرامبەر براوەی یاریی نێوان ئێران و سووریا یاریی دەکات.