دانوستاندن دەستیپێکردووە.. زیدان مەرجی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

لەوانەیە زینەدین زیدانی فەرەنسی ببێتە هۆی شۆککردنی هەموو جیهان، بە گەڕانەوەی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە بۆ سێیەمجار وەک بەڕێوەبەری تەکنیکی تیپی شاهانە بگەڕێتەوە.
 
لە کۆتایی وەرزی 2020-2021 زیدان لە ریال مەدرید رۆیشت و لەو رۆژەوە بێ یانەیە و تاوەکو ئێستاش ئەفسانەی فەرەنسی نەگەڕاوەتەوە سەر کورسی یەدەگەکانی هیچ تیپێک، سەرەڕای ئەوەی لەو ماوەیەدا زۆر دەستەوارەی پێگەیشتووە.
 
زیزۆ هیوای خواستبوو دوای یارییەکانی مۆندیالی 2022 لە قەتەر، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا وەربگرێت، بەڵام دیدێ دیشامی راهێنەر گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026 درێژکردەوە.
 
زیدان لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2018 راهێنەری یانەی ریال مەدرید بووە، دواتر لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021، لەو ماوەیەدا سەرکردایەتی تیپەکەی کردووەتەوە و دووجار نازناوی خولی ئیسپانیا و 3 جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، ئێستاش ئەگەر هەیە  بۆ سێیەمجار بگەڕێتەوە.
 
سوپرایزێکی گەورە
 
تۆڕی Football.france سوپرایزێکی گەورەی ئاشکراکرد، گوایە زینەدین زیدان لە شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی دەبێتەوە راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە ئەرکەکەی لە وەرزی داهاتووەوە دەستپێدەکات.
 
تۆڕەکە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانە ئیسپانییەکە بەجددی کاردەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە راهێنەری فەرەنسی بگەڕێنێتەوە، هاوکات سوپاسی ئەنچێلۆتی دەکات بۆ ئەوەی پێشکەشی یانەکەی کردووە.
 
ئەو سەرچاوەیە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیکەوە بڵاویکردووەتەوە، یانەی شاهانە لە ئێستاوە دەستیکردووە بە پەیوەندیکردن بە زیدانەوە، ئەگەری زۆریش هەیە زیدان بۆ خولی سێیەم لەسەر کورسی یەدەگی ریال مەدرید بگەڕێتەوە.
 
 
زیدان مەرجی هەیە
 
لای خۆیەوە زیدان بەو بیرۆکەیەی کە جارێکی دیکە راهێنەرایەتی یانەی مێرێنگێ دەکات، دڵخۆش دەبێت، بەڵام ئەو دۆخە قبوڵ ناکات کە ئێستا لە تیپەکەدا هەیە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە کە تۆڕەکە بڵاویکردووەتەوە، زیدان دەیەوێت ماوەی گواستنەوەی هاوینە کۆنتڕۆڵ بکات و گرێبەستەکان لەلایەن ئەوەوە بڕیاریان لەسەر بدرێت.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، زیدان پێشتر چوار یاریزانی کردووەتە ئامانج و حەزدەکات بیبینێت کە ئەوان بچنە پایتەختی ئیسپانیا.
 
سەرەتا زیدان داوای گرێبەستکردن لەگەڵ ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد و ئەلفۆنسۆ دەیڤز دەکات، کە هەردووکیان ماوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانیان لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا کۆتایی دێت، چونکە ئەو دووانە بە مەرجی سەرەکی دەزانێت بۆ بەهێزکردنی تیپەکە.
 
هەروەها زیزۆ دەیەوێت هێڵی ناوەڕاست بەهێزبکات، و کار بۆ هێنانی هەردوو یاریزانی ئەڵمانی فلۆریان ڤێرتز و جۆشوا کیمیچ دەکات.
 
سەبارەت بەو یاریزانانەی کە زیدان دەیەوێت بڕۆن، راهێنەری فەرەنسی گوتوویەتی پشت بە ئۆریلیان چوامینی، لوکاس ڤاسکێز و فێرلاند مێندی نابەستێت و داوای رۆیشتنیان دەکات.